بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیێنێت، 38 پارتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق تۆماركراون و دەشڵێت، 10 رۆژ دەرگای تۆماركردنی پارت و هاوپەیمانییەكان دەكەنەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەیمان تەحسین بەڕێوەبەری گشتی پارت و رێكخراوەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 38 پارتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارت و رێكخراوەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق تۆماركراون.
ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن وتیشی، هەندێك لەو پارتانە كە لای ئێمە تۆماركراون، لە وەزارتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراون.
هەیمان تەحسین جەختی لەوەشكردەوە، هەمو پارتێك بە تۆماركراو و تۆمارنەكراو دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن.
بەڵام ئەو بەرپرسە پێیوایە ناكرێت هەمو پارتەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆیە پێشنیازێكم پێشكەش بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردوە، كە بەشداریكردنی پارتەكان لەسەر بنەمای چالاكی سیاسی بێت، هەر پارتێك بارەگا و چالاكی سیاسی نەبێت، بەشداری هەڵبژاردن نەكات.
نەوا-