ئەگەر دیقەتی بارودۆخی ناوچەکە بدەین ( رۆژهەڵاتی ناوەراست ) کەم کات هەبووە وەک ئێستا لەکوڵان و ململانێدا بووبێت ..
ململانێی ئێران ئەمەریکا ، نەخشە رێگای ئاوریشمی ، جەنگی حەما – س – ئیسرائیل ، هاوپەیمانێتی شیعەکان ، هاوپەیمانێتی ئیخوانەکان ، هاوپەیمانێتی سعودیە – ئیمارات و هاو ئاوازەکانیان ململانێ ی جۆراوجۆریان خوڵقاندووە …
ئەوەش دیارە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بەقەیرانێکی قوڵ و خراپی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵاتیدا تێدەپەڕن ، بارگرانی ئابوری بڕستی لەهاووڵاتیانیان دروست کردوە …
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەم دوو دەوڵەتەو عێراق بەردەوام خەریکی پیلانگێڕین لەدژی کورد و هاوکات دەیانەوێت قەیرانە ناوخۆیێەکانیان هەناردەی دەرەوە بکەن بۆ ئەوەی جارێکی تر ئاگر ناوماڵەکانیان نەگرێتەوە و بەم کارەیان بتوانن دەرچەیەک بۆ قەیرانەکانیان و دەربازبوونی خۆیان لەروخانی حەتمی رزگار بکەن .
لەکاتێکدا بەهای لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی بەجۆرێکە کە پێشتر ئەو دوو دەوڵەتە شتی وایان بەخۆیانەوە نەبینیوە ، بەڵام لەماوەی رابردوودا ئەم دوو دەوڵەتە رککەوتنێکی 10 خاڵیان ئیمزا کرد کەبێگومان هیچ نەبێت نۆ دانەیان لەدژی گەلی کوردوو دەستەکەوتەکانی گەلی کوردە ، بێجگە لەوەی هەریەکەو بەجۆرێک پیلانەکانی خۆی پیادە دەکات ، تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان بەپاساوی جیاجیا و دور نیە کێشەی ناوچەکەو شەری حەماس ئیستیغال نەکات بۆ پەلاماردانی زیاترو چوونە ناو خاکی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستانەوە … دەشبینین لەباشور چون تەراتێنێتی ، بەدرۆن و هێرش و پەلاماری فرۆکەو سوپاوە بێجگە لەتیرۆر کردن و تەسفیە کردنی خەڵکانی سفیل هەموو ئەمانەش بەناوی دین و موسڵمانێتی و ئیخوانەوە ئەنجام دەدرێت بەبەرچاوی موسڵمانانی جیهانەوە .
هەرچی ئێرانە بەهەمان شێوە لەعێراق و سوریاو بەحرێن و لوبنان و یەمەن سەریەشەی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکیەکان دروست کردووە .. لەدەریای سور ، لەهەولێر و کوردستان ، لەڕۆژئاوای عێراق ، لەناو ئەردەن هێرش و پەلامار دەدەن .. وێڕای ئەوە بەناوی دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر هەولێرو دەوربەری ، بێگومان لەرێگای موشەکبارانی راستەوخۆی خۆیان بوبێت یان لەرێگای مێلشیاکانی سەر بەحەشدی شەعبیەوە بوبێت و بەدرۆنی ئێرانی ئەو کارو کردەوانە ئەنجام دراون.
بێجگە لەوانەش ئێران بەردەوام خەریکی هەڕەشەو گوڕەشە بووە لە هێزە ئۆپزسیۆنەکانی ئێران و بەتایبەتیش هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، چەندین جار مووشەکبارانی ناوچەکانی ئەوانی کردووە ، بەدرۆن لێداون و هاوکات ئەمانیش وەکو تورکەکان لەتیرۆر نەوەستاون ، بەتایبەتیش لەدوای روداوەکانی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوەو لێکەوتەکانی دوای ئەو کردەوەیە .
بێجگە لەوانەش ئێران بەردەوام خەریکی هەڕەشەو گوڕەشە بووە لە هێزە ئۆپزسیۆنەکانی ئێران و بەتایبەتیش هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، چەندین جار مووشەکبارانی ناوچەکانی ئەوانی کردووە ، بەدرۆن لێداون و هاوکات ئەمانیش وەکو تورکەکان لەتیرۆر نەوەستاون ، بەتایبەتیش لەدوای روداوەکانی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوەو لێکەوتەکانی دوای ئەو کردەوەیە .
دیسان دیارە ئیرانیەکانیش و هاوپەیمانەکانیان هەر بەناوی ئاین و لەژێر پەردەی مەزهەبدا ئەم کارانەیان ئەنجام دەدەن .
هاکات ئەمان و هاوپەیمانەکانیان لەعێراق و هەر ناوچەیەکی دیکە بێت کار دەکەن بۆ لێدانی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان ، هەردوو دەوڵەتیش نایشارنەوەو دەڵێن یان دەبێت لەبەرەی دوژمن حساب ئەکرێیت ، ئەگەر دیقەت بدەین لەماوەی رابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت نەک ئەوانەی لەدژمانن ، بەڵکو ئەوانەش کەباسی ئاشتی بکەن لەبازنەی دوژمندا حسابیان دەکەین . ئێرانیش بەهەمان شێواز دەڵێت یان لەبەرەی منیت یان دوژمنیت ، هەر ئەمڕۆ عێراق لەژێر فشاری ئێرانیەکان پاسپۆرتیان لەیەکێک لەسەرکردەکانی کورد سەندەوەو پیلانیش هەیە ئەم کارە لەگەڵ 70 کەسایەتی سیاسی ئێران و رۆژهەڵات ئەنجام بدەن ، هاوکات فشاری ئێرانیەکان و هاوپەیمانە شیعەکانیان هەیە لەسەر دادگای فیدراڵی و چەندین بڕیاریان دەرکردووە کەمەبەست لێی لێدانە لەقەوارەی هەرێم و بچوککردنەوەو لەقاڵب دانی دەسەڵاتەکانی هەرێم … بێگومان مەترسی بڕیاری زیاتریش لەئارادایە .
دەشبینین ئەم کاروکردەوانەی ئەمانە دەیکەن هەریەکەو لەلایەکەوە چاوپۆشی دەکەن ، ئەمەریکیەکان و هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرووەکان بەجۆرێک لەجۆرەکان بێدەنگیان هەڵبژاردووە ، یەک ووڵاتی ئیسلامی و کەسایەتی ئیسلامی و تەنانەت هێزە ئیسلامیەکانی کوردستانیش لەبەرانبەر زۆرینەی ئەو کارو کردەوانە بێدەنگن ..
لەهەمووشی مەترسیدار تر ئەوەیە نەحکومەتی هەرێمی کوردستان و نەهێزە سیاسیەکانی کوردستانیش لەبەرانبەر ئەم مەترسیانە ستراتیژی هاوبەش و ئەجێندایەکی نیشتیمانیان هەیە ، نەهێڵی سورویان هەیە نەمەترسیەکانیان بەجدی گرتووە .
هەریەکەو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و مانەوەی خۆیان بەیەکێک لەم وڵاتانەوە گرێ داوە ،هاوکات لەناوخۆی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی چەوت و خۆپەرستی و حیزب حیزبێنەوە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان و خاکەکەیان خستۆتە بەر مەترسی ، هاوڵاتیانیان توڕەو بێزار کردووە ، ئینتیمای نیشتیمانیان لای خەڵک لاواز کردووە ، گوێ بۆ دۆست و دوژمن ناگرن ، کەس نازانێت ئایندەی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن و ئایندە چی لێدێت .
ئێستاش لەم کاتەدا و کەهەمووان و بەدەستکەوتەکانەوە لەبەردەم هەڕەشەی زۆر گەورەو مەترسیداین ، پێویست دەکات لەسەر هەمووان کەبەخۆیاندا بچنەوە ، داوای لێبوردن لەگەل بکەن ،هێڵی سورو نیشتیمانیانە دیاری بکەن ، هاوهەڵوێست بن ، هیچ کامیان رێگا نەدات ببێتە داردەستی دوژمنان ( هەموو هێزەکان بەهەر چوار پارچەوە ) بۆ ئەوەی فریا بکەوین و هیچ نەبێت ئەوەی هەتا ئێستا ماومانە لەدەستی نەدەین ، ئەگەر بەزوترین کات ئەم کارە نەکەین ئەوا لەئایندەیەکی نزیکدا شتی زیاتری بەدوادا دێت و بەدەستی بەتاڵ لێی دێینەدەرەوەو بەگەلەکۆمەکێی موسڵمانان دەمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سفر .
بەختیار مستەفا