جەماوەری تێکۆشەری ڕاپەڕیو…
هاوڵاتیانی بەشمەینەتی کوردستان
لە ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان، کە لە ڕۆژی (٥ی ئازاری ساڵی ۱۹۹۱) یەکەم پزیسکی گڕی پیرۆزی له دەڤەرەکەی ئێمەوە هەڵگیرسا و بە خوێنی لاوانی جەربەزەی شاری ڕانییە، تەشەنەی سەند بۆ تەواوی شار و شارۆچکەکانی تر و بووە هۆی ڕاماڵینی دڕەندەترین ڕژێمی سەردەم؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، خاکی پیرۆزی کوردستان بە شاری کەرکووکیشەوە، بکەوێتەوە دەست خۆڕێبەرایەتیی کوردی و کۆتایی بە حوکمی دیکتاتۆری بهێنرێت.
ئێستا لە ساتەوەختێکدا یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە کە ناوچەکە بەگشتی ئاڵاوەتە کۆمەڵێک قەیران و کێشمە و گێرەی نێوخۆیی و دەرەکی، بەتایبەت هەژموونی دەوڵەتە زلهێز و باڵادەستەکان، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەر گرفتەکانی ناوخۆشەوە هەیە، دیارترینیان نەبوونی مووچە و دروستبوونی قەیرانێکی دارایی و ئابووریی، هەروەها پاشەکشەی ئازادیی ڕادەربڕین و پێکەوەهەڵنەکردنی لایەنەکان، خودی ڕاپەڕینی لە ئامانجە پیرۆزەکانی خۆی دوورخستۆتەوە، بێگومان ئۆباڵی بەرپرسیاریەتیش دەکەوێتەوە ئەستۆی هەمەکارە و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان.
بۆیە لێرەوە و لەم بیرەوەرییە پیرۆزەدا، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە بە گیانی ڕۆژانی ڕاپەڕین، ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببنەوە و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بپارێزن، کە تەنها بە یەکڕیزی و تەبایی گیانی شەهیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان ئاسوودە و ئارام دەبێت.
هەروەک داواکارین لە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە زوترین کاتدا ئامادەکارى بکەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ، ئاوڕێکی زیاتر لە دەڤەری ڕاپەڕین بدەنەوە و گرنگى زیاتر بە ناوچەکە بدەن ، بە پتەوکردنى ژێرخانى ناوچەکە لە رووى ژیانى و ژیارى وە پڕۆژە تەواونەکراوەکان تەواوبکەن.
دروود بۆ گیانی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانى ڕێگەی ڕزگاریی…
سەرکەوتوو بێت ئیرادەی گەل…
لقی ڕاپەڕینی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان