تورکیا و عێراق پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێدەکەن و عێراق دوپاتیدەکاتەوە کە رێگەنادات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربھێنرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەیفوڵا موفتی ئۆغلۆ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەتەوە و دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی تاوتوێکراوە و باس لە رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد کراوە لەسەرجەم ئاستەکاندا.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەکانی ئاسایش و ئاو و رێکخستنی سنورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گۆڕینەوەی زانیاری تاوتوێکراوە و ھەردوولا دوپاتیانکردووەتەوە کە دەبێت ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەردەوامبێت بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
ھاوکات راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دووپاتیکردووەتەوە کە عێراق رێگەنادات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربھێنرێت بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.