٣٣ ساڵ بۆ ئەزموونێکی سیاسی و حوکمڕانی خۆبەڕێوەبەری تەمەنێکی کەم نیە، وڵاتی وا هەیە لە کەمتر لەو تەمەنە سەربەخۆ بوونە و سەرپێ کەوتوون و لە بوارەکانی ئابووری و ئیداری و دیموکراسی چوونەتە ڕێزی وڵاتانی دیکە، کەچی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەکانی دیکە نەک نەیتوانی با ئاڕاستەی دەوڵەتداری تەندروست و حوکمدارییەکی ڕەشید هەنگاو بنێت، بگرە رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و پاشەکشە دەکات. بە شێوەیەک کە لە بواری ئابووری تووشی شکستی ئابووری سەربەخۆ بووە، لە بواری حوکمڕانی بەدەست گەندەڵی و نادادی دەناڵێت، ئازادی سیاسی کەسیەکان بەرتەسک کراونەتەوە، ئازادی ڕاگەیاندن لە ڕەوشێکی خراب دایە، ڕەخنەی زۆری هاتۆتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا نەیتوانیوە هێزی پێشمەرگە لە چنگی حزب دەربهێنێت و هەرێم بکاتە خاوەنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی.
پێویستە بووترێت، هەموو ئەمانە وایکردووە هەرێمی کوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی وەک جاران نەمێنێت و لە ئاستی ناوخۆش متمانەی خەڵک بە ئەزموونی سیاسی و حوکمڕانی لە پاشەکشەی بەردەوام دابێت.
لێرەدا دەپرسین کێ لەو بارودۆخە بەرپرسە؟ خەڵک یان هێزەکانی دەسەڵات یان هەردووکیان؟
خەڵکی کوردستان ٣٣ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە راپەڕینێکی جەماوەری کەم وێنەدا گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەری ئەنجامدا، کە لە ماوەیەکی زەمەنی یەکجار کەمدا دەسەڵاتی داگیرکاری بەعسی لە کوردستان ڕاماڵی و کوردستانی ڕادەستی بەرەی کوردستانی کرد، پاشان لە زەماوندێکی میللی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەڵکی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەویان دەستپێکی دامەزراندنی کیانی سیاسی بوو بۆ هەرێمی کوردستان، واتا خەڵک ئەوەی لەسەری بوو بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی سەرشانی ئەنجامیدا.
دوو ساڵی یەکەمی حوکمڕانی کوردی (١٩٩٢-١٩٩٤) سەردەمی بەرگەگرتنی ئابڵوقەی رژێمی بەعس و بێ کاری و برسیەتی بوو، بەڵام چونکە هێشتان حەماسەتی سەردەمی ڕاپەڕین کاریگەری لەسەر خەڵک مابوو، وە هێشتان دەسەڵات لە لای خەڵک بەم شێوەیە ناشیرین نەبوو بوو، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت مامۆستایان بە هەڵگرتنی درووشمی (سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین) لە پشتی دەسەڵاتی ئەوسای هەرێمی کوردستان مانەوە و بەرگەی هەموو ناخۆشیەکانیان گرت.
بەڵام شەڕی هێزەکانی دەسەڵات لەسەر پارەی گومرگەکان، هەرێمە ساواکەی بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانەکەری ناوخۆ برد کە نەک نەتواندرا هەرێمی کوردستان لە دەستوردانی داگیرکەران بپارێزرێت، بگرە شەڕی براکان گۆڕدرا بۆ شەڕی هەژموونی داگیرکەرانی کوردستان بە پەنابردنە بەر سوپای بەعسیشەوە، ئەو دەسەڵاتەی کە خەڵک بە ڕاپەڕین ڕای ماڵی بوو لە کوردستان.
کاتێک یادی ٣٣ ساڵەی ڕاپەڕینی خەلکی کوردستان دەکەینەوە ئەو پرەنسیپانەی کە لە پشتی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕاپەڕین بوون، کە خۆی دەبینیەوە لە یەکڕیزی نیشتمانی و پشتیوانی و متمانەی خەڵک لە حزبەکان و دواتریش لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان ئێستا بەراورد ناکرێت بە سەردەمی ڕۆژانی ڕاپەڕین و رۆژ بە رۆژیش لە پاشەکشەدان.
دواجار دەڵێین ڕاپەڕین ڕاماڵینی دەسەڵاتی داگیرکەران بوو لە کوردستان، بەڵام ناکۆکی حزبەکانی دەسەڵات چەندین داگیرکەری دیکەی هێنایەوە کوردستان.
راپەڕین خەونی خەلکی کوردستان بوو بۆ ئازادی، کەچی ئازادی ئێستا کوردستان بەشێوەیەک سنووردارکراوە کە دەتوانین بڵێین هەڵگەڕانەوەی لە دەستکەوتەکانی خەڵک.
ئەوەشی کە پێێ گووترا متمانەی خەڵک، نەک تووشی پاشەکشە بوو، بگرە لە ئاستی هەر نزمدایە، هۆکارەکەشی بۆ خرابی حوکمڕانی کوردی دەگەڕێتەوە. چارەسەریش بۆ ئەم بارودۆخە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ پڕەنسیپەکانی رۆژانی ڕاپەڕین و پشتکردنە ئەو عەقلیەتە خرابەی کە حوکمی هەرێمی کوردستانی پێدەکرێت لە (نادادی، حزبایەتی تەسک، گەندەڵی و قۆرغکاری لە بازاڕ و جومگەکانی دەسەڵات)
هیوا سەید سەلیم