کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەونە خانەی تاوانی جەنگەوە.
لەبارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سەرچاوەکانی ژیان و ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا، ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکیان خستووەتە سەر هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی وێستگەکانی نەوت و غاز و کارەبا، کە لە ئەنجامدا ملیۆنان کەس بێ ئاو و کارەبا و غاز بوون، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە، بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش چەندین هاوڵاتی مەدەنییان شەهید کردووە، ئەمەش تاوانی جەنگە.
کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردووە و وابڕیارە، لە ١٨ـی ئادار پێشکەشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی بکەن.