هەریەکە لە کۆمارى و دیموکراتەکانى ئەمەریکا کاندیدى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دیاریکرد و بەمەش جارێکى دیکە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە کە لە مانگى نۆڤەمبەر بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی توندى تێدا دەبیت.
لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانى هەردو حیزبى کۆمارى و دیموکراتەکان کە لە ویلایەتەکانى جۆرجیا و میسیسیپى و واشنتۆن ئەنجامدراوە هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن براوەبون بۆ کاندیدبونیان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
لەوبارەیەوە جۆ بایدن، سەرۆکى ئێستاى ئەمەریکا رایگەیاند کە جێگەى خۆشحاڵییەتى کە جارێکى دیکە متمانەى پێدراوە تا رابەرایەتى حیزب و وڵاتەکەى بکات.
لە ساڵى 2020 لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بۆ جارى یەکەم جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ کە ئەوکات سەرۆکى وڵاتەکەبو، روبەڕوى یەک بونەوە، براوەى ئەوکات جۆ بایدن- سەرۆکى ئێستاى ئەمەریکا بو، دواى ئەو روداوانەش کە لەکاتى بەڕێوەچونى دەنگدان رویاندا بەتایبەت روداوى هەڵکوتانەسەر بیناى کاپیتۆڵ دۆناڵد ترەمپ روبەڕوى چەندین تۆمەت و دادگایی بوەوە، ئێستاش جارێکى دیکە لە نۆڤەمبەرى ئەمساڵ هەردو کاندید روبەڕوى یەک دەبنەوە و چاوەڕێش دەکرێت کێبڕکێیەکى سەخت لەنێوانیان هەبێت.