36 ساڵ پێش ئێستا بە فەرمانی سەددام حوسێن سەرۆکی ئەوسای عێراق، شاری هەڵەبجە بە فڕۆکەی جەنگی کیمیاباران كرا، لە ئاکامی ئەم فەرمانە تاوانکارییەدا زیاتر لە دە هەزار هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوو، تێکڕای خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر و سەرگەردان کرا، ئەو تاوانە گەورەیە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، کەچی لە ئاستی نێودەوڵەتاندا لەنێوان بەرپرسایەتی و هەڵوێستی مرۆڤانەدا، بەرژەوەندی و بێدەنگی هەڵبژێردرا، ئەمەش لەکەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتان دەمێنێتەوە. تاوانی جینۆسایدکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتان لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ هاوڵاتیانی لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە بە تەنیا مانەوەی گەلەکەمان لەو کارەساتەدا گەورە و خەمناکەدا، تارمایی ترسێکی نەتەوەیی قووڵە لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە داهاتوومان دا، هەڵەبجە زامێکی نەتەوەیی ساڕێڕ نەکراوە و هەتا هەتایە لە هزر و لە ویژدانی گەلەكەمان دەمێنێتەوە.
ئێستا پاش 36 ساڵ، کە کۆمەڵکوژیی و خنکاندنی خەڵکی هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی وەکوو یادێکی خەمناك دەکەینەوە، ڕاستە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سەرانی ڕژێمی پێشووی سزاداوە، تاوانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام هێشتا لە زۆر ڕووەوە ڕەوشەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە، بۆیە دەبێ لە ئاستی جیهان و عێراق و کوردستاندا ئەم بابەتە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت.
یەکەم : لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتی، تاوانی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسرێت.
دووەم : لە ئاستی عێراقدا؛
حکومەتی عێراق وەکوو جێگرەوەی حکومەتی پێشوو، دەبێ بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان و خەڵکی هەڵەبجە بکات، دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبووی مادی و مەعنەوی خەڵکەکە بکاتەوە، دەبێ بریندار و بەرکەوتووانی بە باشترین شێوە چارەسەر بکات، دەبێ بڕیار لە بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە بدات.
سێیەم : لە ئاستی هەرێمی کوردستان، دەبێ حکومەتی هەرێم کار لەسەر جێبەجێکردنی خاڵی دووەم بکات و پشتگیری لە هەوڵ و کۆششی رێکخراوە ناحکومیەکانی ئەم بوارە بکات، دەبێ لە ڕووی پەرەپێدانەوە پارێزگای هەڵەبجە لە ئەولەویەتی کارەکانی حکومەت بێ، زۆرتر گرینگی بە ئاوەدانکردنەوە و بواری ژینگە و تەندروستی بدرێت، دەبێ بەبێ جیاوازی دەرفەتی کار و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکرێت.
سڵاو لە رۆحی پاكو بێگەردی شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە.
سڵاو لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجە.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
15ی ئاداری2024