دوێنێ لە بەرنامەی گفتوگۆی بالۆن لە تەلەفزیۆنی ڕووداو کە لە لایەن کاک ڕەنج سەنگاوی پێشکەش دەکرێ، جەنابی کاک حەمەی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لە هاوپەیمانێتییەک کرد بۆ خوولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009 بە ناوی هاوپەیمانی چاکسازی و خزمەتگوزاری کە لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و حزبی سوسیالیست و لیستی ئاییندەی بەڕێز قادر عەزیز پێک هێندرابوو، لێرەوە بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە هەر شتێکی پەیوەندی بەو هاوپەیمانێتییەوە هەبووە و ڕوویداوە،دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە نییە و نەبووە. چونکە لە هەڵبژاردنی خوولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009دا، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
بۆیە بە تەلەفزیۆنی ڕووداو و هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە بابەتی ئەو باسانە هیچ پەیوەندی بە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە نییە .
مەکتەبی راگەیاندنی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
17ی ئاداری 2024