سەڕەڕای ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی چەند مانگی ساڵی ڕابردوویان پێنەدرا، ئێستاش خەریکە مووچەی مانگی ئادار لە بەغدا دابەش دەکرێت،کەچی هێشتا مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، هێشتا ڕەوانەکردنی تەواوی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کێشەی لەسەر هەیە، بێبەش کردنی مووچەخۆران لە سەرچاوەی ژیان و قووتی ڕۆژانەیان کارێکی نادەستووری و نادادپەروەرانەیە.
لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە دایە، تێنەگەیشتن لە باری ناهەمواری ژیان و گوزەرانی خەڵک و دواکەوتنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆران لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بە سیاسی کردنی مووچە و قووتی خەڵک لە ململانێی ناوخۆدا ئاکامێکی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە. بۆیە لەم قۆناخەدا:
یەکەم : دەبێ بەر لە هەر شتێکی دیکە لە کاتێکی نزیکدا کێشەی مووچەی مووچەخۆران بە شێوەیەکی ڕیشەیی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێت.
دووەم : دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر مووچەخۆران، ئەگەر بە قەرزیش بێ، هەوڵبدات چیدیکە مووچە دوانەکەوێت و مووچەخۆر لە مافی خۆی بێبەش نەکرێت.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
19ی ئاداری 2024