به‌هۆی بارانبارینی به‌خوڕ و لافاوه‌وە لە پارێزگای دهۆک، سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە و 11 کەسیش بریندار بون، جگە لەوەى سەدان هاوڵاتیی لە هۆتێل و مۆتێلەکان دەمێننەوە زیانێکى زۆرى ماددیش بەر خەڵکى ناوچەکە گەیشتوە.
بێوار عه‌بدولعه‌زیز، وته‌بێژی به‌رگریی شارستانی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو لافاوەی پارێزگای دهۆکى گرتەوە، پاش ئەوەی دوو کەس گیانیان لەدەست دا، هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی ته‌مه‌ن 15 ساڵ له گه‌ڕه‌كی ره‌زا، دواى ئەوەى کەتوەتەوە ئاوەوە، بەهۆی تەزوی کارەباوە، گیانی لەدەست داوە و ئەوەش بوە سێیەمین قوربانیی لافاوەکە.
وتیشى: هەر بەهۆى لافاوەکەى دوێنێوە 11 کەس بریندار بون و 120 ی دیکەیش لە مەترسی رزگار کراون، لە ئێستاشدا 627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکانى شارەکە دەمێننەوە بەهۆى ئەوەى زیان بەر ماڵەکانیان گەیشتوە.
وتهبێژەکەی به‌رگریی شارستانی ئەوەشی خستەڕو، هەر بەهۆی لافاوەکەوە، زیاتر له 150 خان‌و لەگەڵ 50 ئۆتۆمبێل، زیانیان پێگه‌یشتوه و بەنداوێکیش تەقیوە.
بە گوێرەی بەرێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی پارێزگای دهۆک، لەم شەپۆلى بارانبارینەى پارێزگاى دهۆکى گرتوەتەوە، 159.9 ملم باران باریوە.