سەرۆک وەزیرانى عێراق پەیامێکى پیرۆزبایی بەبۆنەى هاتنى جەژنى نەورۆز بڵاوکردەوە و دەڵێت: هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ کارکردنى پێکەوەیی و بەها هاوبەشەکان و یەک چارەنوسى و دەشڵێت: هەمو هەوڵەکان تەرخان دەکرێن بۆ پێشکەشکردنى خزمەت و پاراستنى مافەکان.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق پەیامێکى پیرۆزبایی بەبۆنەى هاتنى نەورۆز بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردی ئازیزمان لە هەرێمی کوردستان و هەمو گەلى عێراق دەکەم.
دەشڵێت: ئەم جەژنە لە تەواوى ئەو گەلانە ناوچەکە پیرۆز بێت کە ئەم جەژنە مرۆڤایەتییە پیرۆز دەکەن و هیواش دەخوازێت سەقامگیرى بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لە بەشێکى پیرۆزباییەکەیدا سەرۆک وەزیرانى عێراق نوسیویەتى: ئەم بۆنەیە جەخت لە هێزی فرەچەشنیی و بەردەوامیی رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکاتەوە لەگەڵ تەرخانکردنی هەمو هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی مافەکان.
جەختیش دەکاتەوە کە هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بەرزڕاگرتنی بەهاکانی هاوبەشیی و یەک چارەنوسیی و ئەو داهاتوەی کە ئێمە پێکەوە دەیانەخشێنین لە سەرانسەری عێراق.