وەزارەتى سامانەسروشتییەکان: بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمەوە دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران دواکەوتوە

وەزارەتى سامانەسروشتیەکان رایدەگەیەنێت؛ لە نیسانى رابردوەوە هەرێم و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت رێککەوتون، بەڵام دەستى پێنەکردوەتەوە، جەختیش دەکاتەوە، بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتەوە دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران دواکەوتوە لە کاتێکدا پێشتر و بێ دواکەوتن موچە دابەشکراوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: لە هەوڵەکانمان بۆ دوبارە هەناردەى نەوتى هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەى هەردو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبون لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردە، تا ئێستا دەستى پێنەکردوەتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، نەوتى هەرێم بێ خەرجکردنى بودجە دامەزراوە، بەڵام لە بودجەدا هاوشێوەى ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کە ملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەى گشتى تێچوە و ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، حکومەتى هەرێم بۆ نیشاندانى نیەتپاکى زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیلى رادەستى حکومەتى فیدراڵ کردوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرامبەردا هیچ پارەیەکى وەرنەگرتوە تا بتوانێت شایستەى کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان بدات.

وەزارەتى سامانەسروشتییەکان لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەدا دەڵێت: داهاتی نەوت تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بو، هەر لە دوای راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستوەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتوە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دابەشدەکرا.

ئەوەش باسکراوە، بەمەبەستى چارەسەرى ئەم کێشانە هەردو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

پەیوەندیدار