پێش ئەوەی قسە لەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەبێ درک بەو ڕاستییە بکەین کە بارودۆخێکیان لە نێو ڕای گشتی درووست کردووە، تێگەیشتنێکی بابەتیانە لە ڕاوبۆچوون و هەڵوێستەکان قوڕس بووە. بۆیە هەر كاتێك باسی مامەڵەی خراپی عێراق بەرامبەر هەرێم دەكرێت ڕاستەوخۆ بە مەبەست یان بێ مەبەست بێت، وا لێكدانەوەی بۆ دەكرێ كە ئەوە داکۆکیی کردنە لە دەسەڵات. دەبێت بزانرێت بەرگری لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەكانی جیاوازە لە داکۆکیی لەدەسەڵات.
بە دیوێکی دیکەشەوە هەر كاتێكیش باس لە خراپی سیستەمی حوکمڕانی دەكرێت ڕاستەوخۆ بەوە تۆمەتبار دەكرێین كە ئەو هەڵوێستانە خزمەت بە عێراق دەكات و دژ بەهەرێمی کوردستانە، ئەمەشیان تێگەیشتنێكی هەڵەیە. چونكە هەر حزبێکی سیاسیی مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەی سیاسیی خۆی بارودۆخی كوردستان و شێوازی حوكمڕانی هەڵبسەنگێنێ و ئاساییە جیاواز بیربكاتەوە.
هەڵسەنگاندن و تێڕوانینی ئێمە بۆ سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە:
1-هەمیشە جەختمان لەوە كردۆتەوە كە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی کوردستان، لەسەرەتاوە لەسەر بنەمایەكی هەڵە بنیات نراوە، درێژە پێدانیشی بەهەمان شێواز كارەسات و نەهامەتی لێدەكەوێتەوە.
2-هەرێمی کوردستان بە زۆر و دوور لە خواست و ئیرادەی گەل دوو زۆنی زەرد و سەوزیان بەسەردا سەپاندووە، هەر ئەوەش وایکردووە بەهۆی ململانێی تەسکی حزبایەتی جۆرێک لە ڕکابەری و ململانێی زۆر قێزەون و بێزاركەر لەسەر حسابی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و مافەكانی سەرهەڵبدات و زەمینەش بۆ ناحەزان و دوژمنان خۆش بکرێت تا ئاسانتر دەستوەردان لە بارودۆخی هەرێم دا بكەن و هێندەی تر دۆخی كوردستان بەرەو ئاڵۆزی بەرن.
ئێمە هەمیشە دژ بەو دابەشكردنە ناڕەواو ناڕاستە بووینە، چونکە نەدەبوو شۆڕش و خەباتو و فیداكاری و قوربانیەكانی هێزی پێشمەرگەو گەل و ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بکرێتە قوربانی ململانێی حزبەکان و زۆنی سەوز و زەرد.
3-ڕاستە ئێستا بە رواڵەت یەك حكومەتمان هەیە، بەڵام لە واقیعدا دوو دەسەڵات و دوو فەرمانڕەوایی پیادە دەكرێ، ئەوەش وایکردووە شتێک لە ئارا نەبێت بەناوی حکومەتی هاوڵاتی.
4-ڕەخنەیەکی دیکە ئەوەیە بۆ لە ماوەی 33 ساڵی رابردوو دەسەڵات لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیژی نیشتمانیی سەبارەت بە تێكڕای سێكتەرەكانی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی، كشتوكاڵ، ئاو و سەرچاوەكانی ئاو، كارەبا، پیشەسازی، ژینگە كاری نە كردووە. بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ ئەم سێکتەرانە زیاتر بە ئامانجی بەرژەوەندیی حزب ئەنجام دراوە و بەڕێوەبردراوە .
5-دوای تێپەڕینی 33 ساڵ هێزی پێشمەرگە، وەك هێزێكی نیشتمانیی دوور لە حزبایەتی رێك نەخراوە، تا ئێستا دوو هێزی پێشمەرگەو دوو ئاسایش و دوو هێزی ناوخۆ و دوو دژە تیرۆر هەیە.
ئەوەی تا ئێستاش دەبینرێت نەبوونی ئیرادەیەكی راستەقینەیە بۆ چارەسەری ئەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازانە، چونكە ئێمە پێمان وایە ئەگەر دەستبەرداری حزبایەتی بن یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بەهیچ جۆرێك ئەوەندە زەحمەت نیە كە 33 ساڵ بخایەنێ، لەكاتێكدا كۆمەكی هاوپەیمانان و پێداگیریان لە پەلەكردن و یەكخستنی پێشمەرگە هەمیشە جەغتی لێکراوەتەوە.
6-لەم سیستەمە حوكمڕانییە، دامەزراوەكانی حكومەت خرانە خزمەتی حزب، هەلی یەكسان بۆ هاوڵاتیان لە دامەزراندن و پلە ئاساییەکانی وەزیفیش نییە، بەتایبەتیش لەهێزی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش. هەروەها هەلی كار بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابین نەکرا، بەڵکو پلە و پۆستەکان بە پێوەری حزبی دابەش دەکرێت، نەک لێهاتوویی، ئەمە جگە لە بوارەكانی بازرگانی و سەرمایەگوزاری و بوارەكانی تر، بەهەمان شێوە مامەڵەیان لە تەكدا كراوە. دەرەنجام متمانەی هاوڵاتیانی كوردستان بە حكومەت و دامەزراوەكانی لاواز كرا.
7-شەفافیەت لە داهات و خەرجیەكان كە یەكێكە لە پرسە گرنگەكان، بەهۆی ململانێی حزبی و خراپ ئیدارەدانی ئەو بوارە، رۆژانە بۆتە وێردی سەر زمانی چینو توێژەكانی كۆمەڵگا، دەبوایە پەرلەمان رۆڵی چاودێڕی خۆی لەم بارەوە بدیبایە و ڕێگەی نەدابا ئەو پرسەش بكرێتە پرسێكی سیاسیی و لە ململانێیەكان بەكاربهێنرێ. چونكە ئەم مەسەلە پەیوەندی بە داهاتی نیشتمانییەوە هەیەو دەبێ خاوەنداریەتی لێ بکرێت و لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بێت.
ئەم خاڵانەو زۆری تریش، بارودۆخێكیان هێنایە كایەوە، كە خەڵك بڕوای بە پرۆسەی سیاسی و حكومەت و پەرلەمانو حزبە سیاسییەكان لاواز بێت تا ڕادەی لاوازبوونی ئینتمای خەڵك بە خاك و نیشتمان، بەداخەوە ئێستا لەنێوان قەوارەی هەرێم و ئایندەی وڵات م، مووچە بۆتە مەسەلەیەكی سەرەكی، کە پێویستە چارەسەرکردنی مووچە و وەرگرتنی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک مانگانە لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن لە ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئیرادەیەک هەبێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لە خەمی چارەسەرکردنی ڕیشەیی هەموو کێشەکانن، دەبێ لە داواو داخوازی ڕەوای خەڵک تێبگەن و بگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵک و لە نێوان خۆیاندا هەموو کێشەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆکردن لەسەر مێز چارەسەر بکەن.
بەڵێن عەبدولڵا
سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان