وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، رایگەیاند، بەهۆى زۆریى رێژەى بارانبارینەوە، عێراق مەترسییەکانى وشکەساڵیى تێپەڕاندووە و هیچ هەڕەشەیەکیش لەسەر وشکبوونەوەى زۆنگاوەکان نەماوە.
عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، بە رۆژنامەى سەباح-ى نیمچە فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، “بەنیازن ئەمساڵ لە کۆی 26 پرۆژەی دواکەوتووی حکومی تایبەت بە ئاودێریی، 16 پرۆژەیان تەواو بکەن، جگە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێ لەماوەی ساڵی 2024دا”.
گوتیشى: “بەمەبەستى پاراستنى ئاوى سەرزەوى، چەند پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە و بەهۆى زۆریى رێژەى بارانبارینەوە بۆ ئەمساڵیش، هیچ مەترسییەک لەسەر وشکبوونەوەى زۆنگاوەکانى عێراق نییە و وڵات مەترسییەکانى وشکەساڵیی تێپەڕاندووە”.
وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، ئاماژەى بەوەشکرد، “تاوەکو ئێستا هەشت هەزار پرۆژەى نایاساییان لابردووە، کە زیانیان بە پشکى ئاو گەیاندووە و لە هەوڵەکانیشیان بۆ لابردنى پرۆژە زیادەڕۆکانى سەر ئاو لە پارێزگاکانى عێراق بەردەوامدەبن”.
عێراق لەناو ئەو پێنج وڵاتەى جیهاندایە، زۆرترین کاریگەرییەکانى گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە و لە چەند ساڵى رابردووشدا بەهۆى وشکەساڵییەوە، بەشێک لە جوتیاران لە ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەستبەردارى کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بوون و لە گوندەکانەوە کۆچیانکردووە بۆ شارەکان.
ساڵى رابردووش بەهۆى کەمبوونەوەى بڕى ئاوى رووبارەکانى دیجلە و فورات، عێراق رووبەڕووى کورتهێنان بووەتەوە و بەشە ئاوەکەى کە لەنێوان 30% بۆ 50% کەمبووەتەوە.