چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟

توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە! ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە، .. چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە، لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:

یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:

  • چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
  • زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
  • چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
  • چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
  • ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر!

دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:

  • دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
  • بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
  • دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
  • فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.

سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە!
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی د ەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:

  • دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
  • نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
  • بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە!

چوارەم: دوریانبخەنەوە لە چارەسەرکاری هەڵە!
کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە چارەسەرکاری هەڵە! بەجۆرێک هەرکەسێک قسەدەکات پسپۆرە لە بواری چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان و هیچیشی لێنازانێت و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات! هەرگیز مەهێڵە نەخۆشەکەت ئەم هەڵانە بکات:

  • سەردانی کەسانێک بکات کە بەناوی چارەسەری ئاینی یان میلییەوە کاردەکەن؛ ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبنە هۆی خراپتر بوون یان زۆربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە!
  • بچێتە لای پزیشکێک کە پسۆرنەبێت لە بواری پزیشکی دەروونی، ئەمە دەبێتە هۆی بێهیوابوونی نەخۆشەکە، کاتێک کە پزیشکەکە پێێدەڵێت فەحسەکانت پاکە و هیچت نییە! هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پەنابەرێتە بەر چارەسەرە هەڵەکان!
  • بچێتە لای توێژەرێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی کە شارەزایی نییە لە نەخۆشی د ەروونیدا، ئەم کەسانە لەوانەیە بەهۆی کەم شارەزاییەوە ڕێنماییەک بدەن کە زیان بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت، بۆنمونە زۆرجار کەسی توشبوو نەخۆشییەکی توندی هەیە پاش سەردانی ئەم کەسانە دەرمانەکان دەوەستێنێت و دواتر کارەسات روودەدات!
  • کارمەندی پزیشک کە نورینگەیان هەیە لە گەرەکەکاندا، لەوانەیە دەرمانێکی بدەنێ کە ببێتە هۆی ئیدمان و هۆگربوون لەسەر دەمانەکە، یان بەهۆی کەم شارەزاییەوە لەوانەیە رێنمایی نەخۆش بە هەڵە بکەن.
    هەموو ئەو چوار لایەنەی سەرەوە، پێویست و گرنگن بۆ کۆمەڵگە، سودی گەورەیان هەبوو لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام چارەسەر و ڕێنمایی نەخۆشی دەروونی ئەرکی پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونییە کە پسپۆرییان لە بوارەکەدا هەیە.

پێنجەم: پشتیوانی بکەن!
هەتا دەتوانن ببنە پشتیوانیان، ئەم پشتیوانییەش بەوە دەبێت کە هەوڵبدەین هانیان بدەین بۆ چەند کارێکی دروست و پێویست، وەکو:

  • وەرزش و پیاسەکردنی ڕۆژانە؛ ئەم دووانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسودەیی دەروونی تاک.
  • پشتیوانیان بە لە بەردەوام بوون لەسەر پیشەکەیان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەهێڵە مۆڵەت بکەن. هەتا نەخۆشییەکە زیاتر زاڵنەبێت بەسەریاندا!
  • با بەردەوام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵبن و لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و لە کۆمەڵگە دانەبرێن.
  • ڕێنماییان بکە کە تەندروست ژیان بکەن لە روی خەو و خواردن و پاکوخاوێنییەوە.
  • دوریان بخەنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، جا جگەرە و نێرگەلەبێت یان مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێت.
    هەموو ئەوەی ئاماژەی بۆکراوە بنەمای زانستی هەیە، دڵنیابن هەرکات توانیمان ئەو پێنج خاڵە بهێنینە دی ئەوە نەخۆشەکەمان زووتر و ئاسانتر باشدەبێتەوە.د.جەعفەر عومەر
    پزیشکی پسپۆری دەروونی

پەیوەندیدار