سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت،”لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەستمان کرد بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم”.
رۆژی یەكشەممە 6-4-2024 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند،”جەخت دەکەنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەوەش لە دوای بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگای فیدڕاڵی دێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی دەستوور و بەشێوەیەک کە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بگونجێت”.
باسی لەوەشکرد،”وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم رێککەوتوون تاوەکو تەواوکردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەشێوەی کاش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکرێت”.
جێگەی باسە، لەسەر سكاڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕۆژی 21-2-2024 دادگای باڵای فیدڕاڵیی كۆبوویەوە و سەرۆكی دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند،”هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا مولزەمن بە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا”.
لە بڕیارەكەدا هاتووە،”دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان “نادەستوورییە” و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات”.
هەر لەسەر سكاڵاكەی یەكگرتووی ئیسلامی، دادگای باڵای فیدراڵیی ڕایگەیاند،” پێویستە حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات”.
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم، بەكر حەمە سدیق پارێزەرەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند،”ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو پاڵپشتی سەرەكی و یەكەمی تۆماركردنی سكاڵا بوو لە دادگای فیدراڵی لەبارەی دواكەوتن و نەدان و فەوتانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان”.