دکتۆر كۆسار عەلی دەڵێت، کاتێک کەسێک ناتوانێت ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ببینێت یان ناتوانێت هەموو ڕەنگەکان لە یەکتر جیابکاتەوە، پێی دەڵێن ڕەنگکوێری، دەشڵێت، بە نزیکەیی ٨% پیاوان و کەمتر لە ١% ژنان ئەم نەخۆشییەیان هەیە.
دکتۆر كۆسار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەری چاو لە نووسینێکدا ئاماژە بە حاڵەتى ڕەنگکوێرى دەکات و دەقى نووسینەکەشى بەم جۆرەیە:-
کاتێک کەسێک ناتوانێت ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ببینێت یان ناتوانێت هەموو ڕەنگەکان لە یەکتر جیابکاتەوە، پێی دەڵێن ڕەنگکوێری.
بە نزیکەیی ٨% پیاوان و کەمتر لە ١% ئافرەتان ئەم نەخۆشییەیان هەیە، زۆربەی کات کەسەکە ڕەنگی سەوز و سور لێک جیا ناکاتەوە و هەندێک جار لەگەڵ ڕەنگی شین کێشەی هەیە.
خانەی قوچەکی و خانەی چیلکەیی لە تۆڕەی چاودا بونیان هەیە، کە فرمانی وەرگرتنی ڕووناکی و ناردن بۆ مێشک بەجێ دێنن.
خانە قوچەکییەکان بینین و جیاکردنەوەی ڕەنگ بەجێ دێنن، بەڵام سێ جۆرن، کە فرمانی جیاکردنەوەی ڕەنگ بەجێ دێنن کاتێک کەسێک جۆرێک لە جۆرەکانی ئەم خانەیەی نییە، یان هەیەتی، بەڵام بە تەواوی کار ناکات کەسەکە تووشی ڕەنگکوێری دەبێت.
نیشانەکانی ڕەنگکوێری چین؟
سەرەکیترین نیشانە نەتوانینی جیاکردنەوەی ڕەنگەکانە بە ئاسانی و کێشەت بۆ درووست دەبێت لە بینینی ڕەنگی ڕووناک وە سێبەری جیاوازی ڕەنگەکان و هەستیاریی بۆ ڕووناکی، نیشانەکانی هەندێکجار هێندە کزن، کە پێیان نازانیت، چونکە ئێمە هەر لەسەرەتاوە وا ڕاهاتوین بە یەک شێوە ڕەنگەکان دەبینین بۆیە زۆرکەس، کە ڕەنگکوێریشیان هەیە پێیان نەزانیوە.
ڕەنگکوێری زیاتر لە پیاواندا باوە وەک لە ژنان، چارەسەری نییە، بەڵام چاویلکە هەیە، کە پێویستە بتوانیت ژمارە و وێنەکانی تر جیابکەیتەوە.