وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی نێوان ٦ تا ١٢ـی ئەم مانگە هێزەکانمان توانیویانە هەزار و ٧١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین تێک بشکێنن، دەشڵێن، هەر لەو ماوەیەدا شەش هەزار و ٦٨٥ سەربازی ئۆکراین کوژراون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لەبارەى جەنگى وڵاتەکەیان لەگەڵ ئۆکراین لە ماوەى هەفتەى ڕابردوودا ئامارێکى نوێى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا هاتووە، لە ماوەی نێوان ٦ تا ١٢ـی ئەم مانگە هێزەکانمان توانیویانە هەزار و ٧١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین تێک بشکێنن.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا شەش هەزار و ٦٨٥ سەربازی ئۆکراین کوژراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە هەرێمی دۆنتیسک زۆرترین سەربازی ئۆکراین کوژراون، کە ژمارەیان دەگاتە سێ هەزار سەرباز و ئەڤدیڤکا بە پلەی دووەم دێت، کە زیاتر لە دوو هەزار سەرباز ئۆکراینى تێدا کوژراوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢ـەوە، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین دەستی پێكردووە و زیاتر لە دوو ساڵە جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و بەشێكی زۆری خاكی ئۆكراین، لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.