36 ساڵ پێش ئێستا، رژێمی بەعسی فاشی دەسەڵاتدار لە عێراق لە ڕێگای پرۆسەكانی ئەنفالەوە، ویستی گەلی كوردستان لە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی پاکتاو بكات و دڕندەترین تاوانی سەدەی بیستەمی ئەنجام دا.
گەلی كوردستان كە لەپێناو مافە سروشتی و ڕەواكانی خۆی، لە بەرگری و تێكۆشان دابوو، هەرگیز بیری لەوە نەدەكردەوە كە دڕندەیی دەسەڵاتدارانی عێراق بگاتە ئەو ڕادەیەی كە ژن و منداڵ و پیر و گەنجی سڤیلی كورد لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ بكات, لەوەش بە ئازارتر بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی زۆرینەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو. هەروەك دواتر لە پەلاماردانی دەوڵەتی كوێت، ئینجا جیهان لە دڕندەیی و بێ پرەنسیپی بەعس راچڵەكی و ویستیان سنوورێك بۆ دەسەڵاتی فاشی عێراق دابنێن. لە ئەنجامی ئەوەش گەلی كوردستان لە نیشتمانی خۆی بەرامبەر زۆر و ستەمی بەعس ڕاپەڕی و قەوارەی هەرێمی كوردستان لەدایك بوو. بەڵام بەداخەوە هەر لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئاستی هەرێمایەتی و تەنانەت ناوخۆی كوردستانیش، هێشتا هەنگاوەكانی سارێژبوونی برینەكانی ئەنفال لە ئاستی پێویست نین. كەسوكاری ئەنفالكراوان لە چەندین ماف و شایستەی خۆیان بێبەشن. كاری جددی نەكراوە لەسەر دۆسیەی ئەنفال و خەمساردی زۆر هەیە لە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەرامبەر بەم دۆسیەیە هێشتا لە ئاستی ئەم پرسەدا عێراق وەکوو دەوڵەت قەرەبووی ماددی و مەعنەوی خەڵکی ئەنفالکراو و گەلی كوردستانی نەکردووەتەوە ، ئەمەش بەلای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە هێشتنەوەی قورسایی كۆست و ئازارەكەیە وەكوو خۆی لەسەر دڵ و دەروونی كەسوكاری دەربازبووی ئەنفال كراوان.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆچوونی وایە:
1- دەبوو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بەفەرمی كەیسی ئەنفال بە جینۆساید بناسێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسایەتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لەئەستۆ بگرتایە.
2- لە ئاستی هەرێمایەتی، ئەنفال پەند و ئامۆژگاریەكی بەهێز و بەرجەستە بوایە كە ڕژێمەكانی ناوچەكە بزانن سەركوت كردن و چەوسانەوەو جینۆساید نەك هیچ سەركەوتنێكی تێدا نیە، بەڵكو وەك سەرانی رژێمەكەی سەددام چارەنوسیان ناو قەفەسی دادگا و بەردەم پەتی سێدارەیە.
3- بەداخەوە لە 33 ساڵەی حوكمڕانی ، لە هەرێمی كوردستان، خزمەتی كەسوكاری ئەنفالكراوان لە ئاستی پێویست نیە، هەوڵەكانی سەرخستنی كەیسەكە لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە لە ئاستی خواست نییە. گوێ لە داواكاری و خواستی راستەقینەی کەسوکار و بەرکەوتوانی ئەنفالكراوان ناگیردرێت و تۆمەتبارێک نەبینرا لەسەر ئەو كەیسە لە كوردستان دادگایی بكرێت.
4- ناوچەكانی نیشتەجێبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوانی كوردستان، لە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بێبەشن، هەزاران گەنجی كچ و كوڕی دەرچوی زانكۆیان هەیە كە دانەمەزراون و هەلی كاریان بۆ نەرەخساوە. هەرێمی كوردستان لەڕووی گەندەڵی و ناعەدالەتی و خراپ ئیدارەدانەوە بەجۆرێكە كە بەداخەوە كاری كردووەتە سەر ئینتمای ئەم گەلە ئازاو خۆڕاگرو ئەنفال دیدەو كیمیاباران کراوە.
لەم بۆنە خەمگینە نیشتمانیيە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەنفال هەوێنی دروستبوونی ناسیۆنالیستی سەركەوتوو خاوەن ئامانجی پیرۆزە بۆ مافە رەواكانی گەلێكی بن دەست و بێ بەش كراو لە مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی خۆی. بۆیە دەبێت ئەنفال پرۆسەی دروستبوونی شوناسی راستەقینەی كوردبوون و نیشتمان ویستی بێت.
لەم یادە كارەساتبارە تراژیدیەدا، درود دەنێرین بۆ قوربانیان و سەری رێز لەبەردەم كەسوكاریان دادەنەوێنین.
رۆحیان شادو سەركەوتن بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
14/4/2024