سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ھەر سەرکێشیەکی نوێ ئیسرائیل رووبەڕووی وەڵامی بەھێز و توند دەکاتەوە، عەبدوڵاھیانیش دەڵێت، دوو دڵ نابن لە پاراستنی بەرەژەوەندییەکانیان و ھێرشەکەشیان بۆسەر ئیسرائیل ئامانجەکانی پێکاوە.
ئیبراھیم رەئیسی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزە چەکدارەکانیان چاودێری ھەموو جوڵەیەک دەکەن لە ناوچەکە و داوای لەو وڵاتانەش کرد کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، پشتیوانییەکانیان رابگرن، چونکە ھۆکاری سەرەکین بۆ پێشێلکارییەکانی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، لەم قۆناغەدا کۆماری ئیسلامی ئێران نیەتی بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆنی بەرگری نییە، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان لەلایەن ھەر دوژمنکارییەکی نوێوە بکرێتە ئامانج، دوو دڵ نابن لە پاراستنیان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئۆپراسیۆنەکەیان دژی ئیسرائیل سنوردار بووە و ھیچ پێگەیەکی ئابوری و مەدەنییان نەکردووەتە ئامانج، تەنھا ئەو پێگانەیان بە ئامانج گرتووە کە فڕۆکەی ئێف ٣٥یان لێوە ئاڕاستە کراوە.