ئەمڕۆ ۲٤ـی نیسانی ۲٠۲٤ لە گوندی گوڵەخانەی دەڤەری شارەزوور، هەر سێ لایەنی پێکهێنەری هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان و بەڵێن عەبدوڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە نوێترین پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرا، جەختیانکردەوە، کە ناوچەکە دووچاری بارگرژییەکی توند دەبێتەوە، کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری دەکات. کۆبوونەوە تەئکیدی لەسەر گرنگی دیالۆگی سەرجەم هێز و دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە چاوگەکانی بارگرژی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگای گفتوگۆ و ڕەچاوکردنی ئیرادەی سەربەخۆی گەلان و هەنگاونان بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش و پێکەوەژیان و مسۆگەرکردنی و گەشەپێدانی هاوبەش بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی دەزگا و ئۆرگانەکانی هەرسێ لایەنی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە کردەوە بە ئامانجی تەیارکردنی وزە و تواناکان لە چوارچێوەی پرۆسەی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەرسێ لایەنی پێکهێنەری هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، دووپاتی گرنگی سەرجەم هەوڵەکان دەکەنەوە بۆ دابینکردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیان، بەتایبەتی مافی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی زەحمەتکێش و ڕەنجدەری گەلەکەمان.
کۆبوونەوە، بانگهێشتی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم لایەن و هێزە کوردستانییەکان دەکات بۆ گەڵاڵەکردنی هەڵوێستی هاوبەش، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکەی بێت.
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان
۲۳ـی نیسانی ۲٠۲٤