ماتیو میلـلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ دەکەین و دەشڵێت: ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و پێویستە دەسەڵاتداران بە تەواوی لێکۆڵینەوە بکەن و بکەرانی روداوەکە روبەڕوی یاسا بکەنەوە.
جەختیشیکردوە لەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوبەشییەکانى لەگەڵ هەریەك لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری خاکەکەیان.
هەروەک نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکانیش لە عێراق درەنگانى شەوى رابردو ئیدانەى هێرشەکەى کرد و داواى کرد دەست بە لێکۆڵینەوەکان بکرێت و ئەو لایەنەى هێرشەکەى ئەنجامداوە ئاشکرا بکرێت و روبەڕوى یاسا بکرێتەوە.