رۆژی دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سعودیەی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، “ئەم هێرشە ئەوە دەخاتەڕوو ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە و ئەمە وادەکات ئێمە هاوکار بین دژی هێرشەکانی ئێران”.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، “لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجومەنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو وتووێژدەکەین”.
ئێران ١٣ی نیسانی 2024، وەک وڵامدانەوەی کوشتنی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران بە 170 درۆن، 120 مووشەکی بالێستیک و 30 مووشەکی کرۆز هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد %99ی ئەم مووشەک و درۆنانە، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەردەن خرانەخوارەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.