ئەمڕۆ ١ی ئایاری ٢٠٢٤ لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، بە دروشمی( بژی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكاران و تەوژم پێدانەوەی تێكۆشان) بە ڕێکخستنی مەراسیمێک ئەم ڕۆژە نێونەتەوەییەی بەرز ڕاگرت.
مەراسیمی یەکی ئایار بە بەشداری هاوڕێیان بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، دکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ، مام خدر رووسی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، هاوڕێ رەزا کەعبی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڕێوەچوو.
مەراسیم بە مارشی نێونەتەوەیی ئینتەرناسیۆنال، دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ ڕابەرانی گیان بەختکردووی بزووتنەوەی کرێکاران لە جیهان و عێراق و کوردستان و شەهیدانی گەل و ئەو کرێکارانەی بە هۆی هەلومەرجی خراپی کار گیانیان لە دەستداوە دەستێپێکرد.
پاشان لەگەڵ وتەی بەخێرهاتن ئاماژە بەوەکرا ئێمە واتە لیژنەی هاوبەشی کاری چەپی کوردستان، بەرنامەمان وا بوو وەکوو ساڵانی ڕابردوو، بە ڕێپێوان و گردبوونەوەی بەرفراوان ڕۆژی یەکی ئایار بەرز ڕابگرین، بەڵام بە هۆی هۆشدارییەکانی کەشناسی و پێشبینی کردنیان بۆ با و باران، ئەمساڵ مەراسیمی یەکی ئایار بەم شێوازە بەڕێوەدەبەین.
دواتر وتاری لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی لەلایەن دکتۆر کاوە مەحموود خوێنرایەوە و وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو کرێکارانی جیهان لە وتارەکەدا جەختیکردەوە: لەكاتێكدا، هەموومان بەیەكەوە، ساڵڕۆژی یەكی ئایار بەرز رادەگرین، بەدەنگی بەرز ئەو نادادییە شەرمەزار دەكەین كە جەماوەری گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیان دووچاری هاتوون، لەئەنجامی شكستی سیاسەتی ئابوری و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، هاوكات سەركۆنەی سیاسەتەكانی حكومەتی ئیتحادی و نوخبەی سیاسی دەكەین كە لەڕێگای (دەوڵەتی قووڵەوە)، دەیانەوێ گەلی كوردستان تەپەسەر بكەن و لە ئایندەی خۆیان بێ ئومێدیان بكەن.
لە كۆتایی دا بەچەند گۆرانییەک مەراسیمەکە بە جۆش و ڕازاوەتركرا. لەکارێکی بەڵگەنامەیی بەناوونیشانی(یەکەمین ئایاری مێژوو) لە سەر سکرینی هۆڵەکەدا نمایشکرا.