دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی لەسەر دەستبەجێ راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رەتی دەكەنەوە داواكارییەكە جێبەجێ بكەن و دەڵێن: ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە ئەنجام دەدەین و بڕیاركە تەنها یەك وەڵامی هەیە؛ ئەویش داگیركردنی رەفەح و شكستپێهێنانی حەماسە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان و لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بنیامین ناتانیاهۆ، لەگەڵ وەزیرەكانی دەرەوە، کاروباری ستراتیژی، داد، بەرگری و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و داواکاری گشتی قسەی كردوە، رایگەیاندوە: داواكارییەكەی دادگای نێودەوڵەتی جێبەجێ ناكەین و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی سەر شاری رەفەح ئەنجام دەدەین.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، وەڵامی بڕیارەكەی دادگای دایەوە و وتی: دادگای نێودەوڵەتی بڕیارێكی نەشیاوی دژی جولەکەکان دەركردوە، بۆیە تەنها یەك وەڵاممان بۆی هەیە كەئەویش داگیرکردنی شاری رەفەح و بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیش شکستی تەواو بەبزوتنەوەی حەماسە بهێنرێت و ئیسرائیل سەرکەوتنی تەواو لە جەنگەكەدا بەدەست بهێنێت.
پێشتریش وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاندبو، ئەوانەی داوا لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن شەڕەکە رابگرێت، داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەكەن، لەبەر ئەوە بەئەو قسەیە رازی نابین و چەکەکانمان دابنێین، چونكە دوژمن دەگاتە سەر منداڵ و ژنەکانمان و لەناویان دەبەن.
دادگای نێودەوڵەتیی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند كە پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سەر شاری رەفەح لە باشوری کەرتی غەززە رابگرێت، هەروەها دەروازەی رەفەح بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە بكاتەوە و دوای مانگێكیش راپۆرتێك پێشكەش بكات و ئاستی جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگا رونبكاتەوە.




