کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ، دەشڵێن: دواخستنەکە لەسەر داوای هەندێک پارت و هاوپەیمانی سیاسیی بووە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن و پرسەکە بە دیموکراسیی بەڕێوەبچێت.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە نووسراوێكدا بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
لە نووسراوەکەى کۆمسیۆندا هاتووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتییانە بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە دەبوایە لە ١١ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرایە، دوا خراوە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ.
ئاماژەیان بەوەشداوە، دواخستنی هەڵبژاردنەکە لەسەر داوای چوار پارت و هاوپەیمانی سیاسیی بووە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بە مەبەستى بەشداریی کردن لە هەڵبژاردندا.
لە نووسراوەکەدا بەمشێوەیە ئاماژە بەو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییانە کراوە، کە داواى دواخستنى هەڵبژاردنیان کردووە، کە بریتین لە:-
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات
هاوپەیمانی گەلان و ژنان بۆ ئازادیی
لیستی پێکەوەیی بۆ خزمەتگوزاریی باشتر
پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی لە سووریا