گروپە چەكدارەكان, مۆڵەتی (40) رۆژیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریكردووە, بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەوڵات, بەپێچەوانەی ئەوەوە, كردەوە سەربازییەكانیان دژی سوپای ئەمریكا دەستپێكەنەوە.
لەسەرەتای مانگی شوباتی رابردووەوە, هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر سوپای ئەمریكا لە عێراق و سوریا راگیرا, دوای ئەوەی لە هێرشی فرۆكەیەكی بێفرۆكەواندا سێ سەربازی ئەمریكی لە ئوردون كوژران, لەوەڵامی ئەوەشدا سوپای ئەمریكا پێگەو سەركردەكانی ئەو گروپانەی, لە سوریاو عێراق كردە ئامانج.
پێگەی “شەفەق نیوز” لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە, ژمارەیەك لە گروپە چەكدارەكان, مۆڵەتی تا ناوەڕاستی مانگی تەمموزی داهاتوویان بۆ سودانی و حكومەتەكەی دیاریكردووە, بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەوڵات.
گروپە چەكدارەكان, مەرجی دانانی خشتیەكی زەمەنی راگەیەندراو و پابەندكەریان هەیە بە جێبەجێكردنی, بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە, بەپێچەوانەی ئەوەوە دەستدەكەنەوە بە پرۆسە سەربازییەكانیان, دژی ئامانج و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە.