گومان لەوەدا نیە پەیرەوكردنی ڕژێمی خواردنی تەندروست و دابەزاندنی كێش كۆمەڵێك سوودی زۆر گرنگی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، هاوكات هەندێك كەس نایانەوێت پەنا بۆ دەرمان بەرن و پێیان وایە خۆپارێزی باشترین و تاكە ڕێگەیە بۆ دابەزاندنی چەوری خوێن، بۆ ئەوەی بەوردی لەسەر ئەو بابەتە بدوێین، وا باشترە وەڵامەكە لەچەند خاڵێكدا كورتبكەینەوە:
- بەرزی چەوری خوێن، بە تایبەت ئەو جۆرەی بە چەوری خراپ (LDL-Cholesterol ) دەناسرێت، یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی تەسكبوونەوەی خوێن بەرەكان و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك.
- چەند ساڵێك لەمەوبەر، هیچ جۆرە دەرمانێكی كاریگەر لەبەردەست نەبوو بۆ چارەسەركردنی بەرزبوونەوەی چەوری خوێن، بەڵام دوای ئەوە ستاتین (Statin) دۆزرایەوە، كە بە یەكێك لە هەنگاوە هەرە گرنگەكانی چارەسەری نەخۆشیەكانی دڵ و خوێن بەرەكان هەژمار دەكرێت و یەكێكە لەو دەرمانانەی زۆرترین بەكارهێنانی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
- پارێزو وەرزشكردن تەنها ڕێژەی (10%) چەوری خوێن دادەبەزێنێت، هەرچەندە پارێزكردن زۆر بەباشی و بەڕێكیش ئەنجام بدرێت، لەهەموو حاڵەتەكاندا ناتوانێت رێژەی چەوری خراپ لەسەرەوەی (20%) دابەزێنێت.
- وەرزش كردن دەبێتە هۆی دابەزاندنی چەوری سیانی (Triglyceride) و زیادبوونی چەوری باش، كە بە (HDL-Cholesterol ) دەناسرێت، بەڵام كاریگەرییەكی زۆر كەمی لەسەرچەوری ( LDL-Cholesterol ) هەیە.
- دەرمانی ستاتین، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست بەكاربهێنرێت، كاریگەرییەكی زۆری لە سەر كەمكردنەوەی چەوری خوێن، بەشێك لە ستاتینەكان نزیكەی (40%) لە چەوری خراپ كەم دەكاتەوە، بەڵام كاریگەریان لەسەر چەوری سیانی سنووردارترە.
- ئەو كەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ و مێشك بوونە، دەبێت دەرمانی چەوری خوێن بەكاربهێنن، بەشی هەرە زۆری نەخۆشانی شەكرە پێویستیان بە ستاتین دەبێت بۆ ئەوەی رێژەی چەوری خراپ بەڕێژەیەكی باش دابەزێنن، ئەو كەسانەی كە كێشەی تەندروستیان نیە وا باشترە لەلایەن پزیشكەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت، دیارە جگە لە بەرزی رێژەی چەوری كۆمەڵێك هۆكاری تر هەن، كە دەبێت هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت و كاریگەریان لەسەر بریاردان دەربارەی بڕی ئەو دەرمانەی پێویستە بەكاربهێنرێت هەیە.
- ستاتین بە شێوەیەكی گشتی سەلامەتە، كەمتر لە دوو كەس لە سەد هەزار نەخۆش كە ستاتین بەكاردەهێنن تووشی هەوكردنی ماسوولكەكان دەبن، لەو حاڵەتەدا نەخۆش تووشی ئازارێكی زۆری ماسوولكەكان دەبێت، دەتوانرێت لەرێگەی پشكنینی خوێنەوە حاڵەتەكە دەستنیشان بكرێت و دواتر چارەسەر بكرێت، هاوكات بەكارهێنانی ستاتین بۆی هەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەی ئەنزیمەكانی جگەر، هەر بۆیە پێش ئەوەی بەكاربهێنرێت، دەبێت پشكنین بۆ ئەنزیمەكانی جگەر بكرێت، دوا لێكۆڵینەوە لەسەر ستاتین ئەوە دەردەخات، كە هەندێك نیشانەی تر لەو كەسانە دەردەكەوێت هیچ پەیوەندیەكیان بە دەرمانەكەوە نیە.
- پێویستە ستاتین بە بەردەوامی بەكاربهێنرێت و مەرج نیە جۆری براندو گرانبەها بەكاربهێنرێت، ئەتۆر ڤاستاتین ( Atorvastatin ) یەكێكە لەو دەرمانانەی، كە زۆر كاریگەرەو نرخەكەشی گونجاوەو لە كوردستان بەردەستە، دەكرێت بەكاربهێنرێت، ئافرەتی دووگیان، یان ئەو ئافرەتانەی پلانیان بۆ منداڵ بوون هەیە، نابێت ستاتین بەكاربهێنن.
- هەندێك دەنگۆ هەیە، گوایە ستاتین دەبێتە هۆی كێشەی لەبیرچوونەوە، لەراستیدا تا ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەك ئەو بابەتەی یەكلانەكردۆتەوە، بە پێچەوانەوە بۆی هەیە ستاتین یارمەتی ئەو كەسانە بدات، كە حاڵەتی لەبیرچوونەوەیان هەیە.
- لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن، كە ئەوانەی رێژەی چەوری خوینیان بەرزە، دەتوانن لەرێگەی بەكارهێنانی ستاتینەوە، بەرێژەیەكی زۆر باش خۆیان لەجەڵتەی دڵ و مێشك دوور بخەنەوە، سەرباری هەموو ئەمانە تێبینی دەكرێت، بەشێكی ئەوانەی كێشەی بەرزی چەوری خوێنیان هەیە، بەڕێكی ئەو دەرمانە بەكارناهێنن.
خوێنەری بەڕێز، ستاتین بە یەكێك لە هۆكارە هەرە گرنگەكان دادەنرێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی چەوری خراپ لە خوێن و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك، بۆیە ئەگەر دكتۆری پسپۆر پێشنیاری ئەو دەرمانەی بۆ كردی ئەوە دوو دڵ مەبە لە بەكارهێنانی.
(د. عارف گۆران – پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو)