سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند، سێ لایەنین هاوپەیمانمان پێک هێناوە، بەناوی لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، داواش دەکەین چیتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا نەکەوێت.
دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بە گوتەی ئەو سکرتێرە، “ئێمە سێ لایەنین هاوپەیمانمان پێک هێناوە، بەناوی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان، ئەوە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە بەپێی یاسا و ڕێساکان، بۆیە هەر کاتێک سەرۆکی هەرێم بە گونجاوی بزانێت، ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین”.
دەشڵێت: “هیوادارین هیچ کۆسپ و ئەگەرێک دروست نەبێت لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دوا نەکەوێت. چونکە ماوەی دوو ساڵە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی قانوونیدایە، بۆیە چەند خێرا هەڵبژاردنەکە بکرێت هێشتا کەمە. ئێمە باسی ڕۆژ ناکەین، چونکە لای سەرۆکی هەرێمە و دەسەڵاتی ئەوە، هەر کاتێک دابنێت بۆ هەڵبژرادنەکان ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین”.
ئەو سکرتێرە ئاماژەی بەوەش دا، “جگە لە ئێمە پەیوەندی کراوە بە دوو حزبەکەی دیکەشەوە و هەرسێ هاوپەیمانییەتییەکە ئەوە بیروڕامانە. ئەوەندی ئێمەش ئاگادارین هەموو لایەنە سیاسییەکان و کۆمیسیۆن ئامادەکارییان کردووە، ئەو لایەنانەی بڕیارییان داوە بەشداری هەڵبژرادنەکان بکەن، قەوارەی خۆیان تۆمار کردووە و لیستی کاندیدادەکانیشیان پێشکەش کردووە، هەروەها قبوڵکردنی سەرەتایی کۆمیسیۆن ژمارەی لیستەکانی بۆ گەڕاندوونەتەوە” .
بەڵێن عەبدوڵڵا، ڕاشیگەیاند، “هیچ گرفتێک و تەکنیکێک نەماوە لە ڕووی شێوازی هەڵبژاردن، ئەو کێشانەی کە پێشووتر هەبوون، لەڕێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژرادنەکانی عێراقەوە چارە کراون. هەموو لایەنەکان کە بڕیاریان داوە بەشداری هەڵبژردن بکەن، چاوەڕێی ئەو وادەیە دەکەن، سەرۆکی هەرێم وەکو دەسەڵاتی خۆی بەکاری بهێنێت، بەو ئومێدەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کەشوهەوایەکی دیموکراسی و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت، ئەنجامێکی دڵخۆشیشی بۆ لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بهێنێت”.