رۆژنامەیەکی ئەمریکی داوا لە جۆ بایدن دەکات، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە، بەڵام بایدن جەخت دەکاتەوە، کە بەردەوام دەبێت لە کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانى پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی دێرینی ئەمریکا، بڵاویکردوەتەوە پێویستە جۆ بایدن لە کێبڕکێکەی بۆ کۆشکی سپی بکشێتەوە.
وتیشی: بایدن، سەرۆکێکی ناوازە بوە بۆ ئەمریکا، بەڵام ئەوەی بە دیار دەکەوێت چیتر ئەو توانای ڕابردوی نەماوە بۆ سەرۆکایەتی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوای دیبەیتەکەی لەگەڵ تڕەمپ باشترین شت ئەنجامیبدات کشانەوەیە لە کێبڕکێکە.
لە لای خۆشیەوە، بایدن لە کاتی بانگەشەکانی بۆ هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلاینا جەختی لەوەکردوە کە بەردەوام دەبێت لە کێبڕکێکردن، وتیشی: توانای جارانی نەماوە بەڵام تەنها ئەو توانای گوتنی ڕاستیەکانی هەیە.
هاوکات، دەنگۆی ئەوەش هەیە، دیموکراتەکان بە نیازن کە کۆبونەوەیەکی یەکلا کەرەوە لەگەڵ بایدن ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابونەوە لە تواناکانی بۆ کێبڕکێکردن یاخود دانانی جێگرەوەیەک بۆی.