دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا، دەرگە بە ڕووی دامەزراندنی خەڵک کرایەوە لە دەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگە و فەرمانگەکان لە پێویستیی خۆیان پتریان تێخزێنرا، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بە لێشاو خەڵک بە ناونیشانی جۆراوجۆر خانەنشینی بۆ کرا.
یەک: دامەزراندن و خانەنشینکردن ئامانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی لە پشت نەبوو، جگە لە پێکهێنانی لەشکرێک لە خەڵکی حزبی.
دوو: لە دامەزراندندا، نەک هەر هیچ پێوەرێک ڕەچاو نەکرا، بەڵکو پێشێلی بنەماکانی کارگێڕی و پێوەرەکانی دڵسۆزی، ڕاژە، بڕوانامە، توانا و لێهاتوویی کرا.
سێ: لە بواری خانەنشینکردن، هەموو سنوورێک تێپەڕێندرا، بە ناونیشانی پێشمەرگەی دێرین، پێشمەرگە و غەیرە پێشمەرگە، خەڵکی ئاسایی و نائاسایی، تەنانەت جاش و باش پێکەوە خانەنشین کرا.
چوار : لیستی سەروەرانی گەل و نیشتمان پاک ڕانەگیرا و هەتا ئێستاش هەروا ماوەتەوە.
پێنج : لە دامەزراندن، لە خانەنشینکردنی سەربازی و لە لیستی سەروەران دا، نەک هەر بنەمای یەکسانی و عەدالەت پیادە نەکرا، بەڵکو سنووری (العدل والانصاف) تێپەڕێندرا.
شەش: بەهۆی درێژەدان بەو شێوازە حوکمڕانییە؛
- لە بری بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، بەشی زۆری داهاتی گشتی بەهەدەر درا.
- کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کرێکاری و کاسبکاریی فەرامۆش کرا، بەرهەمی خۆماڵی ماڵئاوایی کرد، ڕوو لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و ڕاکێشانی دەستی کاری بێگانە کرا.
- لە بواری سەربازی، هێزێکی سەربازی تۆکمەی نیشتمانی پێک نەهێنرا.
- لە سۆنگەی ئەم شێوازە کارگێڕییەدا، نا بەرانبەری چینایەتی زەق بووەوە.
حەوت: مووچە بوو بووە سەرچاوەی بژێوی بەشی زۆری هاوڵاتیان و بارێکی گران بەسەر حکومەتەوە.
هەشت: کاتێک بوودجە لە لایەن حکومەتی فیدراڵ ڕاگیرا، لەوە بگەڕێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی مووچە دابین بکات، بەڵام زەق زەق لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە دەرکەوت، کە هەم مووچەخۆر شایستەی خۆی وەرنەگرت و سەرچاوەی بژێوی لە دەستدا، هەم هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەیرانی بەردەوامی دارایی و ئابووری ڕووبەڕوو بووەوە.
نۆ: ئەوکات و ئێستاش با بڵێین؛ - مووچەخۆری فیعلی و نا فیعلی.
- فەرمانبەری فیعلی و بندیوار.
- پۆلیسی فیعلی و بندیوار.
- پێشمەرگەی فیعلی و بندیوار.
- خانەنشینی شایستە و نا شایستە.
- کەسوکاری سەروەرانیش بە شەهیدی سەنگەر و غەیرە شەهیدەوە.
پێکەوە مووچە وەردەگرن.
لێرەدا بەدەر لە هەر ناکۆکییەکی دیکە؛ - ئایا ئەمە ڕاست و ڕەوایە!
- ئایا ئەمە ناحەقی نییە، لە بەرانبەر حەق، کەوا هەر بەردەوامی هەیە؟
- ئایا ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێزاری و بێئومێدی نییە بە حکومەت، بە دامەزراوە، بە پڕۆسەی سیاسی و بە هەرێمی کوردستان؟
دە: بۆ ئەوەی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە نێوەخۆدا سەقامگیر و بەهێز بێ، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم وەکوو هەرێمێک لە عێراق، وەکوو هەرێمێک لە ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتان بەهێز بێ و دەوری هەبێ پێویستە :
- لە نێو عێراقدا، حکومەتی هەرێم سیستەماتیک و دەستووری بێ.
- لەوە بگەڕێ لە عێراق چ دەگوزەرێ، هێزی چەکدار لەسەر چ بنەمایەک پێک دەهێنرێ، داهات چی لێ دێ، مووچە چۆن دەدرێ، ئەوان دەوڵەتن بە هەر شێوەیەک حوکمڕانی بکەن دەوڵەتەکە هەر دەمێنێ، بەڵام هەرێمی کوردستان مان و بەردەوامبوون و پێشکەوتن و بەهێزبوونی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەندە بە پیادەکردنی یاسا و دەستوور و پێشخستنی سیستەم و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری لە حوکمڕانی دا.
- ئەگەر ئامانج ئەوەیە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی تۆکمە بێ، دەبێ حوکمڕانی لە ڕێگەی هەڵبژاردن لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێ، نەک لە حزبەوە بۆ حزب، دەبێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات فەراهەم بکرێ.
- دەبێ لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزی چەکدار بەپێی یاسا و سیستەم بێ، نەک هەر بۆ ڕازیکردنی حکومەتی فیدراڵ، بەڵکو لەبەر خۆی و بۆ خۆی پێویستە جێگەی بایەخ پێدان بێ.
- دەبێ لە هەرێم، هێزە چەکدارەکان لە دەستی حزبەوە دەربهێنرێ.
- دەبێ نیگەرانی و تێبینیەکانی دۆستەکان و وڵاتانی هاوپەیمان بەهەند وەربگیرێن، لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ڕوەشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
- دەبێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دەستوور پێوەرمان بێ، دەبێ مافە دەستورییەكان هێلی هاوبەش و خەتی سۆر بێ، دەبێ بەرژەوەندیی خەڵک و بەرژەوەندیی هەرێم لە سەرووی بەرژەوەندی دیکەوە بێ!
دە: لە ئاکامی نەبوونی ستراتیژێکی سیاسی هاوبەش لە هەرێم، نەبوونی نەخشەڕێگەیەک بۆ تێپهڕاندنی قەیرانی سیاسی، نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە پێوەندییە ناوچەیی و ناودەوڵەتییەکان، نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی هاوبەشی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، لە ئاکامی لە دەستدانی کات و دەرفەتەکان، سەرەڕای کارتێکردنی فاکتەرەکانی دیکە، ڕەوشی هەرێمی کوردستان لە بازنەیەكی داخراودا دەخوولێتەوە.
بە تێگەیشتن لە ئاڵنگارییەکان و لە ڕاستییە بابەتییەکانی ئەم ڕەوشەی هەرێم و ئاڵۆزییەکانی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە، ئەگەر خەڵک خاوەنداری لە خۆیی و لە مەسەلە ڕەواکەی نەکات، دەربازکردنی هەرێم لەو دۆخە ناهەموارەی کە هەتا ئێستا درێژەی هەیە، لە توانا و لە بەرنامەی حزبە دەسەڵاتدارەکان نییە!
✍️بێکەس قادر