پێویسته یاسای باری كه‌سێتی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون، دوور له گه‌ڕانه‌وه بۆ فقه و ڕێسای تایفه‌گه‌ری بێت
له هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌دا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق پرۆژه یاسایه‌كی بۆ له‌گۆڕنانی ته‌واوی یاسای باری كه‌سێتی عێڕاق ژماره 188ی ساڵی 1959 بۆ بڕیاڕدان، ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام به هۆی ناڕه‌زاییه‌كی به‌رفراوانی هێز ولایه‌ن و كه‌سانی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌كانی ژنان له عێڕاق و هه‌رێمی كوردستاندا و، دواتریش هه‌ڵوێستی ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق ئه‌م بابه‌ته دواخرا.
هه‌وڵدانی تاقمی سیاسیی نوێی حوكمران له عێڕاقدا به ئاراسته‌ی نه‌هێشتنی ئه‌م یاسایه، هه‌ر دوابه‌دوای گۆڕانكارییه‌كانی 2003 ده‌ستیپێكرد و، بڕیاڕی مجلس الحكم ژماره 137 له سه‌رده‌می عبدالعزیز الحكیم سه‌ره‌تای ئه‌و ههوڵانهبوو، له‌و كاته‌شدا هه‌رێمی كوردستان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره پابه‌ندبوونی خۆی به یاسای باری كه‌سێتی دووپاتكردوه .
بوونی یاسایه‌كی باری كه‌سێتی یه‌كگرتوو له ده‌وڵه‌تی عێڕاقدا، یه‌كێكه له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مووزی ساڵی 1958 و، دووا هه‌نگاوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م یاسایه‌ش له بڕیاری پێشووی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه سه‌باره‌ت به قایلنه‌بوون به بوونی 14ی تهمووز وه‌ك ڕۆژی نیشتمانی عێڕاق، جیاناكرێته‌وه.
ئه‌و كارانه‌ی، كه ئێستا به ئاراسته‌ی نه‌هێشتنی یاسای باری كه‌سێتی ده‌كرێت و، سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش، كه به شێوه‌ی سكاڵا دژ به یاساكانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كرێت، كه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوسه‌نگی نێوان مافی ژن و پیاو وپاراستنی خێزان ههمواركرابوون، ئاراسته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕێسا و فقهی مه‌زهه‌بی و تایفه‌گه‌ری و عه‌قلیه‌تی پیاوسالاری و، گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌روه‌ریدان به بۆچوون و حوكمی دامه‌زراوه ئایینیه جۆراجۆر و ناكۆكه‌كان، كه چه‌ندین سه‌ده لهمهوپێش له ڕه‌وشی مێژوویی جیاواز له بواری ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی و كه‌لتووری و هۆشمه‌ندی گشتیدا، خوێندنه‌وه‌یان بۆ شوناسی كێشه‌كان و پێوه‌ری چاره‌سه‌ركردنیان هه‌بووه و، له چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنیان بۆ ده‌قی ئاینیی حوكمیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه داوه و، ئێستاش له ڕه‌وشێكی جیاواز له بواری شوناسی كێشه‌كان و پێوه‌ری چاره‌سه‌ركردنیان و بێ ڕچاوكردنی گۆڕانكاری له شوێن و كات و، گۆڕانكاری مێژوویی كار بۆ سه‌پاندنی ڕابووردوو ده‌كه‌ن.
یاسای ژماره 188ی باری كه‌سێتی عێڕاق له میانه‌ی پێداویستییه‌كی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی هاته‌كایه‌وه و، له به‌ڵگه‌نامه‌ی هۆكاری بڕیاردانی ئه‌و قانونه‌دا هاتووه: “فرهبونی سه‌رچاوه‌كانی دادگا، و جیاوازی حوكمه‌كان سه‌باره‌ت به‌م بواره نائارامی له ژیانی خێزاندا دروستكردوه و مافی تاكی دابین نه‌كردوه. ئه‌مه‌ش هانده‌رێكی بیركردنه‌وه بوو له پێناوی دانانی قانونێك، كه گرنگترین ئه‌و حوكمه شه‌رعییانه‌ی كه كۆكبوون ده‌رباره‌یان هه‌یه، بگرێته خۆی”.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌م قانونه تێكرای ئه‌و بوارانه‌ی، كه له فقهدا په‌یوه‌ندییان به مه‌سه‌له‌كانی هاوسه‌ری و تڵاق و له‌دایكبوون و نسب و به‌خێوكردنی كۆرپه و خه‌رجی و وه‌سیه‌ت و میراته‌وه هه‌ن، گرته‌خۆی.
سه‌رچاوه‌ی مادده‌كانی یاسای باری كه‌سێتی، سوودی له هه‌موو ئاینزاكان وه‌رگرتبوو و، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش له‌و كاته‌دا هه‌وڵدان و هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له میانه‌ی په‌سه‌ندكردنی مادده‌یه‌كی قانونی كه له بواری بۆچوونه ئاینزاییه جیاوازه‌كان، گهونجاو و له‌بارترین بژارده له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگی مافه‌كانی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بێت.
یه‌كه‌م شاڵاوی دژایه‌تیكردنی ئه‌م یاسایه، دوای كۆده‌تای حزبی به‌عس له 1963 ده‌ستیپێكرد و، له‌گه‌ڵ شه‌ڕه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێڕاق، كۆمه‌ڵێك هه‌مواری نه‌گه‌تیفانه دژ به به‌رژه‌وه‌ندی مافی ژنان ئه‌نجامدرا.
ئه‌مرۆش سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ نه‌هێشتنی یاسای باری كه‌سێتی ده‌درێت به‌شێكه له شاڵاوی ڕێكخراوه‌یی و ئاراسته‌كراو دژ به ئاراسته‌ی مه‌ده‌نی له نێو كۆمه‌ڵگادا و كاركردن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دوواوه و مامه‌ڵه‌كردن به عه‌قلیه‌تی پیاوسالاری و، دوور له میتۆدی ره‌خنه‌گرتن و رچاوكردنی واقیعی گۆڕاو و، زه‌مه‌نی گۆڕاو، كار بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تێكرای مه‌سه‌له نه‌ریتییه‌كان و چه‌مكه كۆنه‌كان و سواوه‌كان ده‌كرێت.
ئێمه له لێژنه‌ی كاری هاوبه‌شی چه‌پی كوردستان پشتگیری له مانه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی ژماره 188ی ساڵی 1959 ده‌كه‌ین و، به‌سه‌رجه‌م ئه‌و ههموارانهش كه په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامیداوه و، نه‌بوونی ئه‌م یاسایه بارگرژیه‌كی ڕوون بۆ بواری یاسادانان دهخولقیێنێت، چونكه بنه‌مای یاسا له ده‌وڵه‌تی یاسا و مافی مرۆڤ و دامه‌زراوه دهستوریییهكاندا ده‌بێ مۆركی گشتی وموجهردی هه‌بێت، به پێچه‌وانه‌ی بواری په‌یره‌وه‌ی (فقه) كه به شێوازی جۆراوجۆر لێكده‌درێته‌وه.
له هه‌مان كاتدا گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێسا و عه‌قڵیه‌تی تایفه‌گه‌ری كارتێكردنێكی نه‌گه‌تیفانه‌ی له سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگا و چه‌مكی به‌یه‌كه‌وه ژیان ده‌بێت و، كۆمه‌ڵێك مینی مه‌ترسیداری تایفهگهرییانه ده‌چێنێت، و كۆمه‌ڵگا له سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بی و ئاینی دابه‌شده‌كات و، شوناسی مه‌زهه‌بیی گۆشه‌گیر له كۆمه‌ڵگه‌دا دروستده‌كات و، به‌م جۆره‌ش په‌یوه‌ندی تاك به مه‌زهه‌ب و ئاینه‌كه‌یه‌وه له ژێر كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی فه‌توا و مه‌رجه‌عه‌یه‌تی ئاینی ده‌بێت.
رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوسه‌ری ومیرات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌زهه‌بی مه‌ترسی دیكه‌ی لێ دێته كایه‌وه، له‌وانه: بنیاتنانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌ری له نێو كه‌سانی سه‌ر به هه‌ر مه‌زهه‌ب وتایفهیهك به شێوه‌یه‌كی داخراو، و دواتریش درووست بوونی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌زهه‌بی دابڕاو له یه‌كتر.
دروستبوونی ژیانی هاوسه‌ری نێوان خه‌ڵكانی سه‌ر به مه‌زهه‌بی جیاواز له سایه‌ی (فقه)ی مه‌زهه‌بیدا له كاتی ناكۆكیبون نێوان ژن ومێرد و له دابه‌شكردنی میراتیشدا، مه‌ترسی دروستبوونی كێشه و پێشێلكردنی مافی ژن و منداڵی لێوه په‌یدا ده‌بێت. جگه له‌مه‌ش هانی پیاو ده‌دا كه به شێوه‌یه‌كی ساخته گۆڕانكاری له مه‌زهه‌بی خۆی ئه‌نجام بدات به شێوه‌یه‌ك له كاتی بوونی كێشه‌ی نێوانیان و، له كاتی جیابونه‌وه‌دا، كه‌مترین مافی ژن دابین بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م گرفتانه‌ی له‌سه‌روه ئاماژه‌مان پێكردن، هه‌ندێ كێشه‌ی دیكه له سیستمی دادگادا دروستده‌بێت، چونكه دادوه‌ر ناچار ده‌بێت به دوای حوكمی شه‌رعی له كتێبه‌كانی (فقه)دا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو بگه‌رێت، له كاتێكدا هه‌ر مه‌زهه‌بێكی (فقه)ی ئیسلامی به ته‌نها نه‌یتوانیوه له رێره‌وه‌ی مێژووی خۆیدا وه‌ڵام و چاره‌سه‌ری ئاسانكارییانه بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان بدۆزێته‌وه.
له‌ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخدا پێویسته تاك تێكرای ئه‌رك و مافه‌كانی خۆی له هه‌ر گرێبهستێكدا و، له تێكرای بواره‌كانی ژیانیدا، بزانێت. بۆیه ده‌توانین بڵێن كه گه‌رانه‌وه بۆ (فقه) مه‌زهه‌بی وتایفی له باری كه‌سێتیدا، به پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی ده‌وڵه‌تی یاسا و ودامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كانه.
له مێژووی قانوون له ده‌وڵه‌تی عێڕاقدا بوونی یه‌ك قانونی باری كه‌سێتی هه‌رده‌م به ده‌سكه‌وتێكی مێژووی گرنگ دانراوه و، هه‌وڵ و گۆششی لایه‌نی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌كانی مافی ژنان و سه‌رجه‌م كه‌سایه‌تی مه‌ده‌نی پاراستنی ئه‌م یاسایه و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مواركردنی پێشكه‌وتنخوازانه كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئاراسته‌ی هاوسه‌نگی مافه‌كان و هزری یه‌كسانیخوازی بێت، بووه.