ئەمڕۆ 3ی ئاب 10ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان تێدەپەڕێت، ئەو تاوانەی کە لەو ڕۆژەدا تیرۆرستانی داعش ناوچە ئێزیدینیشینەکانیان بە ئامانج گرت و لە پڕۆسەیەکی یەکجار هۆڤانەدا بە هەزاران هاوڵاتی سڤیلی ئێزیدی لە لایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیە دەستگیرکران و کە دواتر بەشی هەرە زۆریان زیندەبەچاڵ کران و خرانە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەکە و ژن و منداڵانیشیان لە بازاڕەکانی سەوداو مامەڵەیان پێکران.
ئەوەی 10 ساڵ پێش ئێستا بەرامبەر ئێزیدیەکان ئەنجام درا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی بوو، لەم تاوانەدا هەموو ڕەگەزەکانی تاوانی جینۆساید خۆی دەبینێتەوە، لە ڕاگواستن و تێکدانی سەرچاوەکانی ژیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و مامەڵەکردن بە مرۆڤ.
مەخابن دوای 10 ساڵ لە جینۆسایدی ئیزیدیەکان هێشتان ئەو خەڵکە قوربانیدەرە کۆچ دەکات و بەشێکی تاکو ئێستا لە کەمپی ئاوارەکان لە ژیانێکی کولە مەرگیدایە، و ئەوانەشی کە گەڕاونەتەوە سەر زێدی باوباپیرانیان لە سادەترین خزمەتگوزاری بێبەشن.
لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدیەکان ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان داوا دەکەین :-
- حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و تەواوی ناوچە ئێزیدینیشینەکانی دیکە، هەروها قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی ئەو خەلکە بکرێتەوە.
- دەبێت چارەنووسی ئەو ژن و منداڵانەی تا ئێستا بە نادیاری ماونەتەوە ئاشکرا بکرێت.
- ئێزیدیەکان گرەنتی ئەوەیان پێبدرێت کە بەهۆی کوردبوون و باوەڕی ئاینیانەوە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی فەرمانی دیکە نەبنەوە.
- لەسەر ئاستی جیهان کاری جددی بکرێت بۆ ناساندنی ئەو تاوانە وەک جینۆسایدی ئێزیدییەکان.
لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدیەکان سڵاو بۆ قوربانیانی 3 ئاب دەنێرین.
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
3/8/2024