ماوەیەکە هێرشی درۆنی تورکیا بۆ سەر شار و شارەدێیەکانی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتن و کوشتنی خەڵکی سڤیل ڕووی لە زیادی کردووە و بووە بە دیاردەیەکی ڕۆژانە، ڕۆژی 23ی ئاب دوو کچە ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر لە قەزای سەیدسادق، ڕۆژی 4ی ئەیلوول باوکێک و دوو کوڕ، سێ ئەندامی یەک خێزان لە شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دۆکان، ڕۆژی 5ی ئەیلوول لە سنوری قەزای چوارتا سێ هاوڵاتی سڤیلی دیکە بە هۆی هێرشی درۆنی تورکیا شەهیدبوون.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە هیچ پاساوێک نییە بۆ دەستدرێژیکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل، ئەوە پێچەوانەی یاسا و رێسا و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانیە، پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانی بێتاوان لە ئەستۆی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دایە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کاتێکدا بەتووندی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە شەرمەزار دەکات و پێیوایە بێباکی و بێ دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و دوو حزبی دەسەڵاتدار بە تایبەتی لە ئاستی ئەو تاوانانە و بە ناهەق ڕشتنی خوێنی خەڵکی بێتاوان، هەم دوورە لە ئەرکی بەرپرسیارێتی هەم جێی پرسیارە.
ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە ئاستی ئەو دەستدرێژیە بەردەوامانەی تورکیا، بێدەنگی بشکێنن و سنوورێک بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیلی هەرێمی کوردستان دابنێن.
هاوكاتی لەشکرکێشی و بۆردومانی درۆنی تورکیا، جێبەجێکردنی ئەجێندای دەوڵەتی عێراق و ئێران دژ بە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و فشار خستنەسەر تێکۆشەرەرانی ئازادیخواز و پەنابەرانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ ئۆردووگای زۆرەملێ، بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە کە زیاتر لە 40 ساڵە پەنایان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هێناوە،
حزبی زەحمەتکێشانی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت کە دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە شەڕ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە کە ئەو پرسە بە ڕێگەی دیالۆگ و بەشێوەی ئاشتی چارەسەر دەکرێت.
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
6ی ئەیلوولی 2024
هەولێر