پاش دواخستن و هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بووە پێویستییەکی گرینگ بۆ سەقامگیریی سیاسی و پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی یاسایی لە هەرێمی کوردستان، خەڵک لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم، بە ئەرکی خۆی هەستا و چووە سەر سندوقەکان و دەنگی خۆیدا، سەرەڕای نەبوونی دەرفەتی یەکسان، فشار و پێشێلکاری، نەخوێندنەوەی بەشێکی پەنجەمۆری دەنگدەران و هەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کارتی دەنگی پووچەڵ هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەدەر لە ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن، بوونی پەرلەمان بە پێویستییەکی گرینگ دەزانین بۆ هەرێمی کوردستان.
ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران و دەستەبەرکردنی پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دایە، بۆیە بە فەرمی داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین ڕێز لە دەنگی دەنگدەرانی کوردستان بگرێت و بەپێی ئەرک و بەرپرسیارێتی پیشەیی خۆی بابەتی دیزاینکردن و هەر جۆرە پێشێلکاریەک کە ڕوویداوە لە هەڵبژاردن یەکلابکاتەوە.
هاوكات ڕایدەگەیەنین کە ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئاستی خواست و خەبات و قوربانیدانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و چاوەڕوانی دۆست و لایەنگرانمان نەبووە، بۆیە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە لە ئاکامی هەڵبژاردن و شێوازی بانگەشە و هەڵوێستی سیاسی و گوتاری هەڵبژاردن و شێوەی بەشداریکردنمان دەڕوانین و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە پەرە بە تێکۆشانی داهاتوو دەدەین .
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
26ی تشرینی یەکەم 2024