بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا 277 کورسی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بردووەتەوە و پۆستی سەرۆکایەتیی مسۆگەر کردووە.
لە بەرانبەردا کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان، 224 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بە دەست هێناوە و هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە.
ترەمپ سەدا 51ـی دەنگەکانی بە دەستهێناوە کە دەکەنە زیاتر لە 70 ملیۆن و 911 هەزار دەنگ. لە بەرانبەردا هاریس، سەدا 47.5ـی دەنگەکانی بە دەستهێناوە کە دەکەنە نزیکەی 66 ملیۆن دەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕایگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.
ترەمپ لە گوتاری سەرکەوتنیدا جەختی لەوە کردەوە “مێژوومان تۆمارکردووە و چەندین ئاستەنگمان تێپەڕاندووە” هاوکات ئاماژەی بەوە کرد “ئەمەریکا چاک دەکەینەوە و سنوورەکانیشمان بە ڕووی تیرۆریستاندا دادەخەین”.
بە گوتەی ترەمپ، لە کۆی 528 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، توانیویەتی 315 کورسی بە دەست بهێنێت. هاوکات گوتیشی “توانیمان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران وەربگرینەوە و جارێکی دیکە لە ویلایەتە خۆلەمێشییەکان سەرکەوتنمان بە دەست هێنا”.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کەرتی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند “لە عێراق، سعوودییە و ئیمارات زیاتر نەوتمان هەیە و پێویستە بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵەی لەگەڵ بکەین”.