ئێوارەی 18-11-2024 شاندی پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK پێکهاتبوو لە بەیرام بۆزیەل سەرۆکی PSK، سێلڤا باکسی و جەلال یڵدز جێگرانی سەرۆک و مەسعوود تەک و وەلید حەکاری سەردانی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەلایەن بەڵێن عەبدولڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و نیشتمان کەمال ،بێکەس قادر ،شاخەوان عەبدولڵا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و زۆزگ سابیر ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان پێشوازییان لێکرا .
لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەی نێوان هەردوولادا، گفتوگۆ سەبارەت بە ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی تایبەت بە ڕەوشی دۆزی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کرا.
سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK تیشکی خستەسەر ڕەوشی باکووری کوردستان و پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە دۆزی کورد لە تورکیا و پێویستیی هەبوونی یەکگوتاری و یەکڕیزیی کوردستانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسیەکاندا.
سکرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسی لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی ڕەوشە سیاسییەکە کرد و جەختی لەسەر تێگەیشتنی هاوبەش و هەبوونی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئەو قۆناخە هەستیارە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK کرایەوە.