دادگاى لێکۆڵینەوەى ناوەندى سەربە دادگاى تێهەڵچونەوەى بەغداد رایگەیاند؛ لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستى مانگى رابردو زیاتر لە یەک تۆن ماددەى هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە و 75 سزاى سێدارەش بۆ بازرگانانى ماددەى هۆشبەر دەرچوە.
لەوبارەیەوە وەلید ئیبراهیم، دادوەرى دادگاى لێکۆڵینەوەى ناوەندى رایگەیاندوە: لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستى مانگى رابردو سەدان کیلۆ ماددەى هۆشبەر لە عێراق و هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى بەشى لێکۆڵینەوەى دادگاکەیان و وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستیان بەسەداگیراوە.
ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە لەو ماوەیەدا 75 سزاى سێدارە دەرکراوە کە 6 سزایان بۆ کەسانى بیانى بوە، 20 سزاى زیندانى هەتاهەتاییش دەرچوە.
لەماوەى کەمتر لە 10 مانگدا، توانراوە دەست بەسەر تۆنێک ماددەى هۆشبەردا بگیرێت لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کە زیاتر لە 229 کیلۆگرامیان لە جۆرى کریستاڵ و زیاتر لە 843 کیلۆگرامیان لە جۆرى کەپتاگۆن و زیاتر لە 51 کیلۆگرامیش حەشیش و 100 گرامیش کارتێکەرە عەقڵییەکان بون.