كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان- كەنەكە بڵاوی كردەوە، پێشهاتەکان لە سەرانسەری سووریادا دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە هەرچەندە کۆتایی بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێناوە، بەڵام هێشتا هەڕەشە و هێرش لە ئارادایە. مەترسی لەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کردووە و دەکرێت کۆمەڵکوژیی و کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.
كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان- كەنەكە لەبارەی دۆخی سووریا و مەترسییەكانی سەر ڕۆژئاوا, پەیامێكی بڵاوكردەوە.
كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان-كەنەكە بڵاوی كردەوە، پێشهاتەکان لە سەرانسەری سووریادا دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە هەرچەندە کۆتایی بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێناوە، بەڵام هێشتا هەڕەشە و هێرش لە ئارادایە. مەترسی لەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کردووە و دەکرێت کۆمەڵکوژیی و کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.
دەشڵێن، کارنامەی سەرەکیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی خۆی بە هەموو شێوەیەک چڕکردووەتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی كەنەكە بەمجۆرەیە:-
پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە سووریا، کۆتایی بە ڕژێمی بەعسی ئەسەد هێنا. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەتیش دەستەی ئازادکردنی شام (هیئة تحریر الشام)و هەندێک گروپی وابەستە بە دەوڵەتی تورکیاوە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سووریا و لە ناویشیدا دیمەشقی پایتەختدا گرت.
تەل ڕەفعەت و ناوچەی شەهبا لە کاتی شەڕ و ململانێدا لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە داگیرکران
دەیان هەزار کەس لە خەڵکی هەرێمەکە جارێکی تر ئاوارە بوون. لە ئێستاشدا ئەو هێزانە بە مەبەستی داگیرکاریی زیاتر ڕووی هێرشەکانیان کردۆتە مینبەج و ناوچەکانی دەوروبەری. ئامانجی تورکیا و چەتەکانی هاوکاری، داگیرکردنی تەواوی رۆژاوای کوردستانە.
پێشهاتەکان لە سەرانسەری سووریادا دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە. هەرچەندە کۆتایی بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێناوە، بەڵام هێشتا هەڕەشە و هێرش لە ئارادایە. مەترسی لەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کردووە و دەکرێت کۆمەڵکوژیی و کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە. کارنامەی سەرەکیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و داگیرکردنی رۆژاوای کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی خۆی بە هەموو شێوەیەک چڕکردۆتەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشە و ترسانەی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان هەیە، ئاشکرایە کە قۆناغێکی نوێ دەستپێکردووە. هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا ببنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لێکتێگەیشتنەوە.
هەروەها هیوادارین هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە سوودی بۆ هەموو لایەک و هەموو پێکهاتەکانی سوریا هەبێت.
دەوڵەتی تورکیا خۆی بۆ هێرشی بەرفراوان ئامادە دەکات. ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر
مینبەج. ئامانج ئەوەیە دوای داگیرکردنی مینبەج بەرەو بەشەکانی دیکەی رۆژاوا هەنگاو بنێن. بۆ ئەمەش پێویستە گەلەکەمان لەم قۆناغەی مێژوودا و لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی ولات هۆشیاربن، سیاسەتی کوردیی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش هەوڵەکانی زیاتر چڕ بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هێزە دیپلۆماسییەکان بۆ پارستنی دەستکەوتەکان لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکەوە لەکاردا بن. هەروەها پێویستە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و راگەیاندنەوە بە ئاشکراو بە روونی پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژاوای کوردستان دووپات بکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە خەڵکی رۆژاواو باکوورو رۆژهەڵاتی سووریا پێویستی زۆریان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ سەدان هەزار پەنابەر هەیە. زۆر گرنگە خەڵکی هەموو کوردستان بە دەنگیانەوە بچن و ئەرکی خۆیان لەم رووەشەوە چیبەجێ بکەن.
ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییە. شکستی ڕۆژاوای کوردستان و لەناوچوونی دەستەکەوتەکانی، شکست و لەناوچوونی هەموو دەستەکەوتەکانی گەلی کوردستانە بەگشتی.
هیوادارین هەموو پارت و ڕێکخراو و دەزگا و کەسایەتییە کوردستانییەکان و هەمووگەلی کوردستان ئەمە بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان بزانن و بەپێی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان