12ی کانوونی یەکەم، ساڵڕۆژی دامەزرانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە، ئەم بۆنەیە وێستگەیەكی دیکەی ئاوڕدانەوەیە لە 39 ساڵ شانازی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچان، لە ستراتیژیی کوردستانی، لە پابەندبوون بە هێلە بنچینەییە فیکرییەکان، لە پڕەنسیپە دیموکراسی و نیشتمانییەکان، لە دوای 39 ساڵ خەبات، جەخت لەسەر هەمان دیدگای سیاسیی نەگۆڕمان دەکەینەوە، کەوا بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان و مەسەلەی نەتەوایەتی کورد، وەکوو مەسەلەیەکی ڕەوا کە لە خودی خۆیدا فۆڕم و ناوەڕۆکێکی دیموکراسیخوازانە و پێشکەوتنخوازانەی هەیە و لە خەبات بۆ ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان جیا ناکرێتەوە. ئێستاش دەبێ بەپێی ئەو بنەمایە و بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە لە پرسەکە نزیک بینەوە و تەمی بێئومێدی بڕەوێنینەوە و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بە خەبات بۆ نەهێشتنی نابەرانبەری چینایەتی و کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئاییندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان ببەستینەوە. لەو یادە پڕشنگدارەدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، سڵاو لە خانەوادە سەربەرزەکانیان، سڵاو لە گیانی بەرەنگاریی و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان.
ئەمساڵ لە کاتێکی هەستیار ئەم یادە دەکەینەوە:
یەک : لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەچی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، لەجیاتی ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن و پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات و پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، وەڵامی داواکاری خەڵک بدەنەوە و کێشەی مووچە چارەسەر بکەن، یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە و لە ئاست بەرپرسیارێتی بێباک ماونەتەوە.
دوو: شەڕ و ئاڵۆزی و ڕووداوە خێراکانی ناوچەکە لە لایەک و لە لایەکی دیکە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و پێشهاتی نوێ و گۆڕانی لە هاوکێشەی سیاسی و ئاراستەی ململانێکان هێناوەتە پێشەوە.
پێویستە لە ئاستی کوردستانی و لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی واقیعبینانە و بە سیاسەتێکی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەوشە و پێشهاتەکانی بکرێت و لە ڕۆژاڤای کوردستانیش هەموو حزبە سیاسییەکان پێکەوە بە یەکگرتوویی کار بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان و لێکەوتەکانی ڕەوشەکە و پاراستنی دەستکەوتەکان و مسۆگەرکردنی دیموکراسی و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا.
لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکە جەخت لە پێویستیی کارکردن بۆ بەهێزکردنی متمانە و گیانی بەرەنگاریی گەلەکەمان و نەهێشتنی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی کار و مووچە و ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەکەینەوە، هاوکات پاڵپشتی لە هەڵمەتی جیهانی دژ بە تووندوتیژی دژ بە ژنان دەکەین و لە یادی (76) ساڵەی جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ، دەبێ لە کوردستان ڕێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، ئازادییە بنچینەییەكان، پڕەنسیپی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو بگیرێت و سنوورێک بۆ کوشتن و تووندوتیژی دژ بە ژنان دابنرێت.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
12 ی کانوونی یەکەمی2024