ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكرایەوە و تێیدا هاتووە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئێستادا ئازادترین و دیموکراسیترین و سێکۆلارترین ناوچەی سووریان، دەشڵێن، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردە، هێرش دەکاتە سەر هەموو کوردستان و لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئێستادا ئازادترین و دیموکراسیترین و سێکۆلارترین ناوچەی سووریان.
باس لەوەشكراوە، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردە، هێرش دەکاتە سەر هەموو کوردستان و لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە بەمجۆرەیە:-
ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكرایەوە
لەسەر داوای بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی و نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان، ڕۆژی ٢٠٢٤.١٢.١٤، کۆبوونەوەیەک لە ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە برۆکسل بەڕێوەچوو. دوای گوتوبێژی بەرفراوان هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان خرایە ڕوو. هەر لە کۆبوونەوەدا پلانی هاوبەشی کارو چالاکی بۆ ئەو مەبەستە داڕێژرا.
تەوەر و کارنامەی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گۆڕانکاری و شەڕەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان. بەپێی بەرنامەی کار، لە سەرەتاوە نوێنەرانی بەڕیوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زانیارییان لەسەر دۆخەکە بە کۆبوونەوەکە دا و دواتر بەشداربووان راو بۆچوونەکانیان سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سەر ناوچە کوردنشینەکان و هەروەها بەرخۆدانی گەلی رۆژاوا خستە ڕوو. به تایبەتی هەڕەشه و هێرشه کانی ده وڵه تی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان به وردی باس کرا و هەڵوێست له به ڕامبه ڕ ئه و هێرشانه گیرا. هه ڵوێستی هاوپه یمانیی نێودەوڵەتییی دژ به داعش و وڵاتانی دراوسێش تاوتوێ کران. بەشێوەیەکی گشتی ئەمڕۆ، کورد چۆن دەبێت لە سووریا هەڵسوکەوت بکات و کورد لە پارچەکانی تری وڵات و دەرەوەی وڵات چی بکەن، چۆن خاوەنداریی لە خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن، لەسەر هەموو ئەو پرسانەو پرسی دیکەش هەڵوێست و بۆچوون و پێشنیارەکان دەربڕدران و بڕیاری بانگەوازی بە پەلە درا.
لەسەر بنەمای ئەم گفتوگۆیانە، کۆبوونەوەکە ئەم خاڵانە دەخاتە بەردەم ڕای گشتیی :
١.لە ساڵی ٢٠١٣ەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کورد، عەرەب، ئاشووری – سوریانی – کلدانی، ئەرمەنی و هەموو نەتەوە و گرووپە ئایینییەکان (موسڵمان، سوننە، عەلەوی، مەسیحی، ئێزدی)، پێکەوە ئیدارەیەکی سەربەخۆیان دامەزراند. هەروەها ژنان لە هەموو پۆست و بەشەکاندا بە ئیرادەی خۆیان جێگەی خۆیان گرت. ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئێستادا ئازادترین و دیموکراسیترین و سێکۆلارترین ناوچەی سووریان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە و تا ئێستاش ئەم ناوچانە لەژێر هێرشی هێزە داگیرکەرەکان و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندان. ئەم ڕاستییە، ئەم تایبەتمەندی و جیاوازییە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک گرنگترە. جگە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستا هەموو بەشەکانی سووریا لە دەستی هێزە توندڕەوەکاندایە. هەرچییەک ڕووبدات، دەبێت ئەم ناوچەیە سیستمی خۆی بپارێزێت.
٢. دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردە، هێرش دەکاتە سەر هەموو کوردستان و لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان سەرکردایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ناوچەکەشدا دەکات، هەروەها لە هەموو جیهاندا لە چالاکیی دژ بە گەلی کورد تێوەگلاوە. دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە دوژمنایەتی کورد و بەرژەوەندییەکانی دەکات. سەرەتا لە ڕێگەی داعش و هێزەکانی سەر بە داعشەوە هێرشی کرد. کاتێک ئەنجامی بەدەست نەهێنا، راستەوخۆ دەستی بە هێرش کرد و چەندین ناوچەی داگیرکرد. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. لە هێرشەکانیدا هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات. دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی گشتیی ژێرخانی ڕۆژاڤا و شوێنەکانی ژیانی (کۆگاکانی ئاو، وێستگەی کارەبا، بیر و کۆگاکانی نەوت و غاز، کۆگاکانی دانەوێڵە، کارگەی ئارد و نانەواخانە، نەخۆشخانە و شوێنی دیکەی هاوشێوە) دەکاتە ئامانج. دوای شکستی ڕژێمی بەعس لە سوریا، حکومەتی تورکیا هێزە ئیسلامییە توندرەوەکانی نزیک لە خۆی کۆکردەوە و هێرشی کردە سەر ناوچەی شەهبا و مینبەج. کورد لە ناوچە داگیرکراوەکان دوور دەخرێتەوە و دیمۆگرافیا بە تەواوی دەگۆڕدرێت. هێرشەکان بەردەوامن. کۆبوونەوەکە بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی ریسواو و شەرمەزار دەکات و بە هەموو توانایەوە و شانبەشان لەگەڵ بەڕیوەبەرێتیی خۆسەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی ئەم هێرشانە دەوەستێت.
٣. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکەین و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان. کۆبوونەوەکە بڕیاری بەستنی دادگای میللی نێونەتەوەیی (دادگای مەدەنی) لەسەرکردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی سەرەکی ئەم قۆناغە دەزانێت و لەم ئەرکەدا جێگەی خۆی دەگرێت.
٤. ڕژێمی بەعس شکستی هێنا و ئێستا ئیدارەیەکی نوێ لە دیمەشق دادەمەزرێت. هەوڵ دەدرێت هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا ئاوەدان بکرێنەوە و دەستورێکی نوێ بنووسرێت. کورد نەتەوەیەکی کۆنی ئەو خاکەیە. پێویستەکورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێدا جێگەی خۆیان بگرن و مافەکانیان لە دەستووردا زامن بکرێت. بۆیە پێویستە دیدار و دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بکرێت. پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان نابێ بە تەنیا بچنە دیمەشق. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە سەرجەم پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرا، شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق وتووێژ بکەن.
٥. بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەرگریکردن لە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرگریکردنە لە هەموو کوردستان. پێویستە هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پشتیوانیی لە ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن. دەبێ هێرشەکان ڕابگیرێن و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بپارێزرێن. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو لایەن و ڕێکخراو و هێزەکوردستانییەکان و سەرجەم گەلی کورد و دۆستانی کورد کرا لەم کاتەدا بەبێ دوودڵی پشتوانی بەڕوەبەرێتی باکوورو رۆژهەڵاتی سووریا بن و دژی هێرشەکان بێدەنگ نەبن.
٦. ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشی دەوڵەتی تورکیا و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندایە و دەیانەوێت بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێکبدەن و هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەناوببەن. لەبەرامبەر ئەو پیلان و هێرشانەدا پێویستە ڕۆژاوا و هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێن و چەترێکی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوا دابنرێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئازادترین و دیموکراسیترین ناوچەکانی سووریان. لەم ناوچەیەدا دەیان هەزار دیل و پاشماوەی داعش هەن. شکستی ئیدارەی خۆسەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێگا بۆ داعش و هێزە هاوشیوەکانیان دەکاتەوە و مەترسی بۆ هەموو جیهان درووست دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی جیهان کرا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی ڕابگرن و خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن و بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات هاوکار بن.
٧. لە ئێستادا ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا و حەلەب و مەنبەج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆرن و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. خەڵکی کوردستان و دەرەوەی وڵات هاوکارییان بۆ کۆدەکەنەوە. هەروەها ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت هاوکاری بکەن. بەڵام دەرگای سێمالکا و تلکۆچەر داخراون. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا ئەو دەرگایانە بکەنەوە و هاوکاری ئاوارە و لێقەوماوان بکەن. جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد و جیهانی دیموکرات و مرۆڤدۆست کرا کە هەڵمەتی هاوکاری بەهێزتر بکەن و باشتر ئاگاداری ئاوارە و لێقەوماوان بن.
٨. ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەلەستین بەردەوامە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان و سوریا و هەندێکجاریش دەپەڕێتەوە بۆ یەمەن و ئێران و عێراق. ئەم شەڕە بەرفراوانتر دەبێت و جەنگێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە. زۆرێک لە زلهێزەکان ئەم دۆخە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبەن. داگیرکەرانی کوردستان هەموویان لایەنی ئەم شەڕەن. بە واتایەکی تر شەڕ دەچێتە کوردستان، لەبەرئەوە لەم دۆخەدا یەکڕیزیی ناوخۆیی کورد، یەکێتی نەتەوەیی زۆر گرنگە. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو خەڵک و لایەن و ڕێکخراو و هێزەکانی کوردستان کرا لە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆببنەوە و کۆدەنگی و یەکڕیزییەکی پتەو دروست بکەن.
پاراستنی ڕۆژئاوا پاراستنی هەموو کوردستانە!
ژن – ژیان – ئازادی
کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە برۆکسل