لەم سەردەمەدا یەکێک لەو بابەتانەی پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان و مافەکانیانەوە هەیە و وادەکات ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت زیاد بکات و دۆخی ژنان خراپتر ببێت، پرسی گۆڕانی ژینگەیە، واتا ناکرێت ئەو دوو پرسە لەیەک جیابکرێنەوە، چونکە زۆرجار ژنان و کچان قورسایی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی ژینگە لەئەستۆ دەگرن و ئەو گۆڕانە دەبێتە هۆی ئەوەی نایەکسانیی جێندەریی لەنێوان ژن و پیاودا زیاتر ببێت، بەتایبەتی لە وڵاتە هەژارەکاندا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکانیدا سەبارەت بە پیسبوون و گۆڕانی ژینگە باس لەوە دەکەن، قەیرانی ژینگە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی دەستدرێژیی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژیی دژی ژنان، بۆ نموونە بە هۆی گۆڕانی ژینگەوە دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتانە تێکدەچێت و کچان ناچار دەکرێن خوێندن جێبهێڵن و بە زۆر، زوو بەشوو بدرێن، دواجاریش بەشێکی زۆری ئەو ژنانە لە ماڵەکانیاندا زیاتر رووبەڕووی ئیستیغلالکردنی سێکسی و بازرگانیکردن پێیانەوە دەبنەوە.
ئەگەر بپرسین بۆچی مەسەلەی گۆڕانی ژینگە مەسەلەیەکە راستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر ژنان و کچان هەیە و توندوتیژییەکان زیاد دەکات، بێگومان گرنگترین هۆکار ئەوەیە، لە کۆمەڵگە هەژار و دواکەوتووەکاندا بابەتی گۆڕانی ژینگە زیاتر کاریگەریی وێرانکەری دەبێت لەسەریان، لەبەرئەوەی هەژارن و ناتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بدەنەوە، لاوازترین توێژیش لەو کۆمەڵگەیاندا ژنان و کچانن، بۆیە کاریگەرییە خراپەکانی برسێتیی و زیادبوونی دەمارگیریی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەسترێژی سێکسیی و ..هتد کە بەهۆی گۆڕانی ژینگە و پاشان تێکچوونی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتانەوە روودەدەن، زیاتر کار لەوان دەکات و دەبنە یەکەم قوربانیی ئەو کارەسات و قەیرانانە.
دواجار کاتێک ئێمەی ژنان داکۆکیی لە ماف و داواکانی ژنان دەکەین، دەبێت داکۆکیکار و پارێزەری ژینگەش بین و لەوە تێبگەین لەم سەردەمەدا ناکرێت ئەو دوو مەسەلەیە لە یەک جیابکرێنەوە، چونکە ژینگەیەکی پاک و پارێزراو واتای وایە لە چەندین رووەوە وڵاتێکی ئارام و سەلامەت بۆ ژنان هاتۆتەکایەوە، کە جگە لە یەکسانیی لە هەلی کار و خوێندن و مووچە و ..هتد، لە هەمانکاتدا ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەریی دەستەبەر بووە، ئەوەش مەبەستی یەکەمی ژنانە بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان و یەکسانبوون لەگەڵ پیاواندا.
ڕۆزا دڵشاد مەریوانی – نووسەر