بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە بۆ ئامادەكاری بۆ دیالۆگی نیشتیمانی سوریا، نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا ناكات و ئەوەش سەرەتایەكە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی پەراوێزخستن لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقەوە بەڵام سورییەكان بەهیچ شێوەیەك ئەو سیاسەتە قبوڵ ناكەن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی لیژنەی ئامادەكاری دیالۆگی نیشتمانی سوریا بڵاوكردەوە.
ئاماژەی بەوەداوە كە راگەیاندنی لیژنەكە، گوزارشت لە پێودانگەكانی “وەدەرنان” دەكات كە ئەوە ئاڕاستەیەكی هەڵەو خوێندنەوەیەكی خراپە بۆ واقیعی راستەقینەی سوریاو رەنگدانەوە كەموكوڕییەكی رونە لە پڕۆسەی گواستنەوەی دیموكراسییانەی سوریای نوێدا.
جەختیشی كردۆتەوە كە پەراوێزخستن و ئەو داخرانە توندەی لەلایەن لیژنەكەوە گیراوەتەبەر، هەڕەشەیە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخەكە بەرەو سیستمە مەركەزییە كۆنەكە، ئەوەش ئەو شتەیە كە ئێمە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، هیوای پێ ناخوازین و بە باشی نازانین.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە لیژنەكە، نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا ناكات و ناتوانێت خواستەكانی گەلی سوریا بە پێكهاتە فرەڕەنگەكانییەوە بهێنێتەدی و لەسایەی وەدەرخستن و پەراوێزخستندا كە لەلایەن لیژنەكەوە گیراوەتەبەر، ناتوانرێت هیچ جۆرە دیالۆگێك ئەنجام بدرێت، ئەوەش سەرەتایەكە بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی پەراوێزخستن كە بەهیچ شێوەیەك سورییەكان قبوڵی ناكەن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وتوشیەتی، بانگەواز لە هەمو ئەوانە دەكەین كە دەیانەوێت سوریا، سوریایەكی یەكپارچەو یەكگرتو و بەهێز بێت، كە وەك ئەوەی هەیە، دیمەن و واقیعی سوریا بخوێننەوە بەبێ هیچ نكۆڵی و پەروازێزخستنێك.
ئەوەشی وتوە، هێزی سوریا لە یەكێتی گەلەكەی و یەكڕیزی و چارەنوسە هاوبەشەكەیدایە و ئەوەش گەرەنتی راستەقینەیە بۆ داهاتویەكی دیموكراسیی خوازراو.




