ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە جوتیارانی کورد لە ناوچەکانی سەرگەڕان و لەسەر زێدی باب و باپیرانیان رووبەڕی هێرش و پەلاماری سوپای عێراقی بوونەوە
شەڕفرۆشتنەکانی ئەمجارەی سوپای عێراق لە کاتێکدایە کە ئەو کێشەیە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و دوا بڕیاری دادگا گەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان
لە بەرامبەر ئەو ستەمەی لە جوتیارانی کورد دەکرێت نابێت ئەوان بە تەنیا لە مەیدانی بەرگری بمێنەوە.
ئاشکرایە کە ئەوەی ئێستا لە سەرگەڕان دەگوزەرێ بەشێکی بۆ بێباکی دەسەڵاتی کوردی دەگەڕێتەوە کە لە جیاتی پێداگری بۆ چارەسەری ئەو پرسە نەک پشتیوانی لە جوتیارانی کورد نەکردووە بگرە جوتیاران زۆربەی کات باجی ناکۆکیە سیاسییەکان دەدەن
ئەوەشی کە جێگای نیگەرانی جوتیارانە ئەوەیە کە بەشێکی ئەوانەی لە پشتی هەڵکوتانە سەر جوتیارانی کوردن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە خۆشترین ژیاندان
مەکتەبی راگەیاندن
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
17/2/2025