سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی پەیامەكەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات
بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی ئاشتی و كۆتایی هێنانی بەشەڕ، بە ڕای گشتی توركیاو گەلی كوردستان و جیهان راگەیاند.
هێزو لایەنە سیاسیەكان لەهەر چوارپارچەی كوردستان پێشوازیان لە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان كردو ئامادەیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا دووپات كردەوە، لەسەر ئاستی جیهانیش پێشوازیەكی فراوانی لێكرا.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتگیری لە پەیامی ئاشتیخوازانەی بەڕێز ئۆجەلان دەكەین، بەو هیوایەی پرۆسەی ئاشتی و بێدەنگ كردنی چەك و كۆتایی پێهێنانی شەڕ، سەرەتای چارەسەری كێشەی گەلی كوردستان بێت لە توركیا.
لەئێستا بەدواوە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان، دەوڵەتی توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەكی مێژویی، ناكرێ ئەم دەستپێشخەری و دەرفەتە لەدەست بدرێ. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەنگاوی سیاسی و یاسایی ودەستوری بوێرانە دەست پێبكات و هەردوو لایەن گومانەكان بڕەوێننەوەو بەشێوەیەكی پراكتیكی لەچارەسەری دیموكراسی نزیك ببنەوە.
سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی، خزمەتێكی گەورە بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بەتەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەخشێ.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەردەوام جەختمان لە ئاشتی و برایەتی و چارەسەری دیموكراسیانەی كێشەی رەوای گەلەكەمان كردۆتەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان، لەم پێوەندەدا پشتیوانی لە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان دەكەینەوە.
بەڵێن عەبدوڵڵا
سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
