ڕۆژی 5ی ئاداری ئەمساڵ سی و چوار ساڵ بەسەر یادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەو ڕاپەڕینەی بە بەشداری بەرفراوانی خەڵک و خوێن و قوربانی شەھیدان توانی گەورەترین دەستکەوت بۆ گەلی کوردستان بەدەست بھێنێت کە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کەم وێنە بێت.
ئاشکرایە ڕاپەڕین بەرھەمی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی ناو بەرەی کوردستانی و ھەمەھانگی جەماوەر و پێشمەرگە بوو، ھەر ئەو یەکڕیزیەش بووە ھەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕین کە لە ماوەیەکی زەمەنی یەکجار کورتدا دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی لە تەواوی باشوری کوردستان ڕاماڵی.
گەلی کوردستان لە کاتێکدا یادی ساڵرۆژی ڕاپەڕین دەکاتەوە، جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان لەبەردەم گۆرانکاری گەورە دایە، ئەو گۆرانکاریانە لەگەڵ خۆیان ئاڵنگاری و دەرفەت بۆ گەلی کوردستان درووست دەکات، بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتەکان وەربگرین و ئاڵنگارییەکان بگۆڕین بە دەرفەت، باشترین ئەزموون ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە بوونە گرەنتی سەرکەوتنی ڕاپەڕین ئەویش یەکڕیزی و متمانەی خەڵک بوو بە ھێزە سیاسیەکانی کوردستان. کە لە ئێستادا نەک ھەر ئەو متمانەیە لەق بووە، بگرە ئەزموونی 34 ساڵ لە حوکـمڕانی شکستخواردووی حزبە حوکمڕانەکانی کوردستان وایکردووە خەڵک بێ متمانە بێت و تەنانەت دڵی بە ڕووداوێکی مێژوویی گرینگی وەکوو ڕاپەڕینیش خۆش نەبێت.
یادی 34 ساڵەی ڕاپەڕین، وەکوو بۆنەیەکی نەتەوەیی بە دەرفەتێک دەزانین ئاوڕێک لە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکە بدەینەوە ، کە ڕەنگدانەوە و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی بزاڤی سیاسی کوردستان هەیە، بۆیە لەو ڕەوشە گرینگەدا جارێکی دیکە داخوازی خۆمان بۆ گرینگی چوارچێوەیەکی کاری هاوبەشی کوردستانی و هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی کوردستان دووپات دەکەینەوە بەجۆرێک تایبەتمەندیی خەبات و بڕیاری سیاسی هەر بەشێک پارێزراو بێت. لەو ڕوانگەیەوە لە ئاستی پەرەسەندنەکانی ڕەوشەکەدا، پێشوازی لە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان دەکەین بۆ ئاشتی و پێویستیی چارەسەرێکی دیموکراتی و عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان دا.
لە یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان داوا دەکات بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیپەکانی رۆژانی ڕاپەڕین کار بکەین بۆ بەدیھێنانی یەكڕیزیی كوردستانی و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی سیاسی لە ڕێگەی:
–بە دامەزراوەیکردنی سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە دوور بێت لە ھەژموونی حزبی و بخرێتە خزمەتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.
–باشکردنی ژیان وگوزەرانی خەڵک بەشێوەیەک کە ھەمووان ھەست بکەن کە ھاوڵاتی ئەو ھەرێمەن کە قوربانی زۆریان بۆ داوە.
–ئازادی و دیموکراسی درووشمی سەرەکی ڕاپەڕین بوون نابێت لەژێر ھەر ناونیشانێکدا پاشەکشێی لێبکرێ.
–پێشمەرگە زامن و پشتیوانی سەرکەوتنی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بوو دەبێت لە چوارچێوەی ھێزێکی نیشتمانی رێکبخرێت.
سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردی شەھیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
سڵاو لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
4ی ئاداری 2025