لە 8ی مارس، ژنان و ئازادیخوازانی جیهان و بزاڤی فێمینیستی بە شکۆوە پێشوازی لە ڕۆژی ژنانی جیهان دەکەن، ڕۆژی هاوهەڵوێستی و هاوپشتی نێونەتەوەیی و پەرەپێدانی خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانی.
8ی مارس ڕۆژی ڕێزگرتنە، لە تێکۆشان و قوربانیدانی ژنانی خەباتکار، ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاریی و نایەکسانی و ناعەدالەتی و کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەیە.
دەرکردنی یاسا، ئازادی و یەکسانی و مافی وەکیەک لەنێوان ژن و پیاو دەستەبەر ناکات، ئەگەر بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسی و جومگەکانی دەسەڵات، بە ڕیشەکێشکردنی نەریتی کۆن و بەسەرچوو لە نێو کۆمەڵگە نەبەسترێتەوە، ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک، بەندە بە دەستەبەرکردنی ئازادی و بەرانبەری و مافەکانی ژنان، بەندە بە گەشەکردنی باری ژیان و گوزەرانی ژنانەوە، بەندە بە ڕەخساندنی دەرفەت و ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆ بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و کایەکانی کۆمەڵگەدا.
لە باشووری کوردستان، سەرەڕای دەرکردنی چەند یاسایەک لە بەرژەوەندیی ژنان، بەشداریکردنی ژنان لە پەرلەمان و لە ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و لە کەرتی گشتی و تایبەتی دا، هێشتا ڕەوشەکە بۆ ژن بێ ئاستەنگ و لەمپەر نییە، هێشتا لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، پێشلکاری دەرهەق بە مافەكانی ژنان دەکرێ، هێشتا ژن ماف و ئازادیی لێ زەوت دەکرێ، هێشتا ڕێژەی نەخوێندەواری و بێکاری بەشی زۆری بەر ژنان دەکەوێ، هێشتا ژن کوشتن دیاردەیەکی نێو کۆمەڵگەیە.
بەڕەچاوکردنی ئەم ڕەوشە و ئاوڕدانەوەیەکی بابەتی ڕەوشی ژنان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دەستنیشانکردنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردن و پێشکەوتنی مەسەلەی ژنان لە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشانە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی ئازادیی و یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو دا.
یەک: پەرەپێدانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی نەریتی کۆن و بەسەرچوو.
دوو: بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان.
سێ: نەهێشتنی دیاردەی ژن کوشتن.
چوار: دەرکردنی یاسایەکی نوێی باری کەسی لە هەرێمی کوردستان.
پێنج: دابینکردنی کار بۆ ژنانی بێکار لە کەرتی گشتی و تایبەتی.
لە 8ی مارس دا، جەخت لەسەر پێویستیی پێشخستنی خەباتی ژنان و چەسپاندنی بنەماكانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و مافی وەکیەک لەنێوان ژن و پیاو دەکەین، کە دەروازەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و گەشەکردووە.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8ی مارسی 2025