دواى واژۆکردنى رێککەوتنەکەى نێوان مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع، گوتەبێژی هێزەکانى سووریاى دیموکرات رایگەیاند، رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بووە.
فەرهاد شامی، لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، هێزەکانی دیمەشق بێنە حەسەکە و دەڵێت، ئەوە راست نییە، بەڵام رەنگە هێزەکانی دیمەشق لە سنوورەکانى نێوان رۆژئاوا و تورکیا بڵاوەیان پێبکرێت.
راشیگەیاند، ئەو لیژنانەی کە دروستکراون پرسی زیندانییەکان یەکلایی دەکەنەوە و لیژنەیەکى تایبەتیش بە خۆبەڕێوەبردن و پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی پێکهێنراوە.
فەرهاد شامی گوتیشى، هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆسیەی داعشدا نەبووە و دۆسیەى داعش لە دەستی هێزەکانى سووریاى دیموکراتدایە.
وتەبێژەکەى هەسەدە ئەوەشى راگەیاند، ئامانجی سەرەکییان وەستاندنی شەڕ و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانى عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپییە بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوى 10ـى ئازار، مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق، رێککەوتنێکى هەشت خاڵییان واژۆکرد.
دەقی رێککەوتنەکە:
بە پێی کۆبوونەوەیەک کە لە نێوان سەرۆک ئەحمەد شەرع و سەید مەزڵوم عەبدی
لە رۆژی دووشەممە بەرواری 10ی ئاداری 2025 ، رێککەوتن لەسەر ئەمانەی خوارەوە:
1- مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سووریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە بنەمای لێهاتوویی بێ رەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی.
2- کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سووریا مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستوریەکانی مسۆگەر دەکات.
3- راگرتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری خاکی سووریا.
4- یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریا، بە دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گازەوە.
5- مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوریەکان بۆ شار و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سوریاوە.
7- ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشکردن و وتاری ڕق و هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سوریا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەمساڵ تێپەڕ نەکات.

