د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كەیسەكانی گەندەڵی لە سلێمانی زیاتر، بەڵام لێكۆڵینەوەی زۆر دەكرێت و 451 كەس لەسەر گەندەڵی سزا دراون و كە یەكێك لەوانە وەزیری پێشووتری شەهیدانە و بە ئامادەنەبوو سزا درا و لەگەڵ بریكاری پێشووی وەزیری دارایی.
“پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار بێت”
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی نیسان، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا، رای گەیاند، لەماوەی تەنیا شەش مانگی رابردوودا هەموو حزبەكان و ئەوانەی بەشداریان لە هەڵبژاردندا كرد، هەموو دروشمی چاكسازیان بەرز كردەوە و كەسیان نكۆڵیان لە بوونی گەندەڵی نەكردووە.
ڕوونیشی كردەوە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار بێت و لێكۆڵینەوە بكات لەوەی كام دامەزراوە بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە هەروەها بزانن كە دەسەڵات و تاواناكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لای دەستەی دەسپاكی چۆنە، ” كێشەی گەورمان ئەوەیە كە دەسەڵات نەدراوە بە دەستەی دەسپاكی لێكۆڵەر دابمەزرێنێ”.
“21 لێكۆڵەرمان هەیە كە هەر یەكێك لەوانە 40 بۆ 50 كەیسی گەندەڵی بەڕێوە دەبن”
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ئەوەیشی گوت، تا ئێستە 21 لێكۆڵەرمان هەیە كە هەر یەكێك لەوانە 40 بۆ 50 كەیسی گەندەڵی بەڕێوە دەبن و زۆر لە سەرووی توانای خۆیان كار دەكەن. سەرۆكی دەستەی دەسپاكی گوتی، دامەزراوەكە لە باڵەخانەیەكدایە لە هەولێر بۆ تێكدان ئامادە دەكرا.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، 451 كەس لەسەر گەندەڵی سزا دراون، كە یەكێك لەوانە وەزیری پێشووتری شەهیدانە و بە ئامادەنەبوو سزا درا و لەگەڵ بریكاری پێشووی وەزیری دارایی، ئێستە 18 وەزیری دۆسیەی گەندەڵی هەیە و 30 بەڕێوەبەری گشتیش لە گەندەڵی تێوەگڵاون.
” كاتێك كەیسێك دەبێتە سزایی، هەموو ئەوانە لە دەسەڵاتی دادوەرەكانە و ئەوەی دوای بڕیاری دادوەر بۆ دەسپاكی دەمێنێتەوە تەنیا تانەدانە لە ڕێی فەرمانبەرانی یاسایی خۆمان، لە كۆیی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی وەزیرێك وەرنەگیراوەتەوە، بۆیە كەیسەكانی گەندەڵی دواجار لەلایەن دادوەرەكانەوە بڕیاری كۆتایی لێ دەدرێت” د.ئەحمەد ئەنوەر وای گوت.
لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، من بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردرام بۆ سەرۆكی دەستەكە، بەڵام دواتر لە 2017 پەرلەمان تێكچوو، چەندان جار پەرلەمانم ئاگەدار كردووەتەوە كە ماوەی یاساییم تەواو بووە و ئەوان هیچیان نەكرد.
هەروەها هێمای بۆ ئەوە كرد، ئێستە سێ كەیسی زیادبوونی سەروەت و سامانی بەرپرسان رەوانەی دادگاكان كراون.
لەبارەی ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش كە ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان خرایە ڕوو گوتی، ستراتیجەكە زۆر گرنگ و وردە و لەماوەی رابردوویشدا میساقی نێوان حزبەكانمان لەگەڵ هەمووان واژوو كرد جگە لە نەوەی نوێ كە واژووی نەكردووە.
“دادوەرەكان لە دهۆك و هەولێر جیا لە بینینی كەیسی گەندەڵی كاری تر دەكەن”
لەبارەی تەرخانكردنی دادگایەكی تایبەتمەند بە گەندەڵی گوتی، لە 2018وە داوای دادگایەكی تایبەتمەند بە گەندەڵی دەكەم، بڕیاری بۆ دەرچوو، دوای چوار مانگ بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەڵوەشێنرایەوە، كە بەو هۆیەوە زۆرینەی وڵاتان لەسەر ئاستی كونسوڵخانەكان پێوەندیان پێوە كردووم.
هەروەها گوتی، دادوەرەكان لە دهۆك و هەولێر جیا لە بینینی كەیسی گەندەڵی كاری تر دەكەن، لەگەڵ ئەوەیش لە سلێمانی كەیسی گەندەڵیمان زیاترە.
“زۆرێك رقیان بەرانبەر دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان هەیە”
لەبارەی كەیسێكی ئەنجوومەنی باڵای خانمان كە لە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێ، سەرۆكی دەستەكە گوتی، ئەو كەیسە لەماوەی ساڵانی رابردوو هەبووە، ئێستە وای لێ هاتووە، حكوومەت كەیسمان بۆ دەنێرێت، متمانەی زۆر بە دامەزراوەكە دروست بووە، بەڵام توانامان سنووردارە.
لەبەشێكی تری قسەكانی گوتی، زۆرێك رقیان بەرانبەر دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوە هۆكار بووە كە تەشهیر بە بەشێك لە فەرمانبەرانمان بكرێت بە فۆتۆشۆپ دەسكاری وێنەكانیان بكرێت، بۆیە ئەوەی بە وەكالەت دادەنرێ دەسەڵاتی منە و كاتێك لە سۆشیال میدیاوە قسە بە سەرۆكی حكوومەت دەگوترێت هیچ پێوەندی بەوەوە نییە، چونكە پێشلكاری یاسا لای ئێمە قبووڵكراو نییە.